پارێزگاری هەولێر بۆ کەیسی نەخۆشێکی بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو، هاتە سەرهێڵ
رووداو دیجیتاڵ
ئاسیا عەبدوڵڵا، جەڵتەی مێشک لێیداوە و مانگێکە لەسەر جێگەیە، توانای دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەرییەکەی نییە. پزیشکی ئاسیا هۆشداری لە خراپی تەندروستیی دەدات و دەڵێت، ئەگەر "خوێنبەربوونی دووەم" لە ئاسیا رووبدات، "ژیانی تەواو دەکەوێتە مەترسییەوە". پارێزگاری هەولێر لە کاتی پەخشکردنی بەرنامەکە، هاتەسەرهێل و بەڵێنی پاڵپشتیی دارایی بە خێزانەکە دا.
ئاسیا تەمەنی 63 ساڵە، لەگەڵ خراپیی تەندروستی، سێ نەوەیشی بەخێودەکات. تەنیا کاسبکاری ماڵەکەی کوڕەکەیەتی، بە کرێکاری بژێوییان دابین دەکات.
ئاسیا عەبدوڵڵا، کە بەئەستەم دەیتوانی قسە بکات، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، داوای هاوکاری لە خێرخوازان کرد و گوتی: "دەمەوێ نەشتەرگەرییەکەم بۆ بکرێت. ئەگەر خۆیشم بمرم، بەس ئاگاداری نەوەکانم بن."
پزیشکەکەی ئاسیا، هۆشداری لە خراپیی تەندروستیی ئاسیا دا. دکتۆر ئیسماعیل رەئووف، پسپۆڕی تیشک و قەستەرەی مێشک و خوێنبەرەکان، لە بەرپرسیار، گوتی: "کیسی خوێن لە دیواری دەمارەکانی مێشکی ئاسیا دروستبووە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوون. ئەگەر خوێنبەربوونی دووەم لە ئاسیا رووبدات، ژیانی تەواو دەکەوێتە مەترسییەوە. یان گیان لەدەستدەدات یان تووشی کۆما دەبێت."
پەیامنێری رووداو لە هەولێر، سەردانی ماڵی ئاسیای کرد. هایناز هێرش، نەوەیەکی ئاسیا، بە ڤەژین مورادی گوت: "نەیهێشتووە پێویستمان بە هیچ شتێک بێت، خۆی هەم ژن هەم پیاوی ماڵەوە بووە، لەبەر خۆشەویستی زۆری بۆ ئێمە نەیهێشتووە هیچ کارێک بکەین، نەخۆشیش بووە و دەرینەبڕیوە، هەندێکجار پێویستی بە نەخۆشخانە بووە و پێی نەگووتوین نەوەک ئێمە نیگەران بین وخەم بخۆین."
بەپێی راپۆرتی پزیشکی، ئاسیا پێویستی بە نەشتەرگەریی دەماربینی 'قەستەرە'ـی مل و مێشک هەیە، تێچووەکەیشی لەنێوان 12.000 دۆلار بۆ 15.000 هەزار دۆلارە و لە هەرێمی کوردستان و هەولێر دەکرێت. خەرجیی نەشتەرگەرییەکە لە توانای ئەو خێزانە دا نییە.
لە کاتی پەخشی راستەوخۆی بەرپرسیار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هاتە سەرهێل و بەڵێنی چارەسەریی تەواوی بە خێزانەکە دا. پارێزگاری هەولێر گوتی: "خێرخوازێک ئامادەیی دەربڕیوە هاوکاریی دارایی ئەو خێزانە بکات و تەواوی خەرجیی ئەو نەخۆشە بۆ نەشتەرگەری لە ئەستۆ دەگرێت. بۆ هەربابەتێکی دیکەی ئەو خێزانە هاوکاردەبین. هەلی کاریش بۆ کوڕەکەی ئاسیا دابین دەکەین."
ئیدریس، نزیکەی 30 ساڵە زاوای ئاسیایە و بەشێکی چارەسەرییەکانی لە ئەستۆ گرتووە. لە بەرپرسیار، گوتی: "25 رۆژ پێش ئێستا جەڵتە لێیدا. 16 رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە. خەسووم بەرزەپەستانی خوێنی هەیە و بەردەوام نەبووە لە خواردنی حەبەکانی. بۆ نەشتەرگەرییەکەی پێویستی بە هاوکارییە."
ئاسیا لە خانووی کرێ لە گەڕەکی ئیسکان لە شاری هەولێر دەژی. لەگەڵ سێ نەوەکانی و کوڕێکی دەژین.