موراد قەرەیڵان: جەهەپە بە نەچوون بۆ ئیمراڵی هەڵەی کرد؛ ئەگەر راستی نەکەنەوە زەرەر دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایدەگەیێنێت، دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت کورد و تورک پێکەوە هەنگاو بنێن. رەخنە لە جەهەپەش دەگرێت و دەڵێت: "بە نەچوونیان بۆ ئیمراڵی هەڵەیان کرد و وێنەی خۆیان پووچەڵ کردەوە."
 
موراد قەرەیڵان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پەکەکە، مشتومڕەکانی سەر پرسی سەردانیکردنی شاندی پەرلەمانی تورکیای بۆ ئیمراڵی بە "جێگەی سەرسوڕمان" ناوبرد و رەخنەی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت.
 
قەرەیڵان گوتی: "بەڕای من جەهەپە هەڵەی کرد. ئەم هەڵوێستەی جەهەپە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەم هەڵوێستە ئەو وێنەیەی (دۆستی کورد و ئاشتیخواز) کە لە ساڵانی رابردوودا نیشانی دابوو، پووچەڵ کردەوە."
 
بە بڕوای قەرەیڵان، جەهەپە بانگەشەی ئەوە دەکات کە "پارتی هەموو تورکیایە بە کوردیشەوە"، بەڵام رەتکردنەوەی سەردانی ئیمراڵی پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەیە و دەڵێت: "ئەگەر هەڵەکەیان راست نەکەنەوە، خۆیان زەرەر دەکەن."
 
سەبارەت بە پرسەکانی تایبەت بە چارەسەری پرسی کورد، قەرەیڵان جەختی لەوە کردەوە، کە لایەنی سەرەکیی گفتوگۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و گوتی: "بەبێ بینینی ئەو و وەرگرتنی بۆچوونەکانی، چۆن کێشەکە چارەسەر دەکەن؟"
 
فەرماندەکەی هەپەگە خوێندنەوەی بۆ بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد و بە پێویستی زانی لە رووانگەی "کۆمەڵناسیی مێژوویی"ـەوە سەیر بکرێن. ئەو گوتی: "مەترسی بۆ ناوچەکە هەیە و پرۆسەیەکی داڕشتنەوە لە ئارادایە؛ لەم قۆناخەدا گرنگە گەلانی کورد و تورک پێکەوە هەنگاو بنێن."
 
بۆ سەرخستنی پرۆسەکەش، قەرەیڵان دوو مەرجی سەرەکیی دیاریکردن کە بریتین لە "مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەبوونی گەلی کورد بە فەرمی لە یاساکانی تورکیادا بناسرێت و تەنیا یاسای تایبەت بە چەکدانان بەس نییە.
 
موراد قەرەیڵان لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی دەوڵەتی تورکیا کرد و رایگەیاند، نابێت لە کورد بترسن، ئەگەر بە شێوەیەکی یاسایی دان بە کورددا بنێن، دەتوانن لەگەڵ کوردانی دەرەوەی سنوورەکانیشدا دۆستایەتییەکی راستەقینە دروست بکەن.