گوڵستان کڵچ کۆچیغیت بۆ رووداو: دیدارێکی زۆر ئەرێنیمان لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان سازکرد
رووداو دیجیتاڵ
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، ئەندامی شاندی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانی ئیمراڵییان کردووە و دیدارێکی "زۆر ئەرێنی"یان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردووە.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 24-11-2025 سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوە، کۆچیغیت کە یەکێک لە سێ ئەندامی ئەو شاندەیە بە رووداوی گوت:"ئێمە ئەمڕۆ چووینە ئیمراڵی و دیدارێکی زۆر ئەرێنیمان لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان سازکرد".
کۆچیغیت کە ئەندامی شاندەکەیە لە پشکی دەم پارتی، هەروەها گوتی: "ئێمە گوتوێژمان لەبارەی سەردانێکی دیکەی ئیمراڵی نەکردووە".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 24-11-2025 سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا بڵاویکردەوە، شاندەکە سەردانی ئیمراڵیی کردووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکی ئەرینیی سازکردووە.
بەگوێرەی پلانی کۆمیسیۆنەکە، هەریەک لە حوسێن یایمان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و فەتی یڵدز، پەرلەمانتاری مەهەپە، ئەندامانی شاندەکەن بۆ چوونە ئیمرالی.