ئێران پانێلێک لەبارەی مافی کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبات
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرایەتیی ئێران لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پانێلێک لەبارەی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەییەکان لەو وڵاتە بەتایبەت کورد و بەلوچ لەو وڵاتە بەڕێوە دەبات.
نوێنەرایەتیی ئێران لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە میانەی 18ـیەمین فۆرومی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی مافەکانی کەمایەتییەکان لە وڵاتانی جیهان کە بڕیارە لە 27 و 28ـی ئەم مانگە لە بارەگای ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە شاری ژنێڤی سویسڕا بەڕێوەبچێت، پانێلێک لەبارەی مافی نەتەوەکانی نێو ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبات و پێنج پەرلەمانتاری کورد، بەلوچ و زەردەشتی لە پانێلەکەدا قسە دەکەن.
سارا فەلاحی، پەرلەمانتاری ئیلام و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران وەکو کەسێکی کوردی شیعە مەزهەب، کەمال حوسێنپوور، پەرلەمانتاری پیرانشار و سەردەشت وەکو کەسێکی کوردی سوننە، حومەیرا ریگی زیگیزی، باڵیۆزی ئێران لە برۆنێیی کە بەلوچ و سوننە مەزهەبە، عەبدولناسر درەخشخان، پەرلەمانتاری پێشووی ئیرانشار لە بەلوچستان و هەروەها بێهشید بەرخوردار، نوێنەری کۆتای زەردەشتییەکان لە پەرلەمانی ئێران لە پانێلەکەدا قسە دەکەن و رەزا دێهقانی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ پانێلەکە بەڕێوەدەبات.
نوێنەرایەتیی ئێران لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ دابەشکاری ئیداریی وڵاتان بەپێی جوگرافیا و شوێنی ژیانی پێکهاتە نەتەوەییەکان بە دابەشکاری سنووردار دەناسێنێت و دەڵێت، "لە ئێران گرووپە ئیتنیکییەکان بەپێی دەستەبەندیی سنووردار پێناسە ناکرێن و دابەشکاریی ئیداری بەپێی تێبینییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و جوگرافییەکانە".
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوونی هەڵاواردن و جیاکاری لەو وڵاتە رەتدەکاتەوە و لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، کورد و بەلوچ و عەرەب وەکو هەموو ئێرانییەکانی دیکە دەرفەتی یەکسانیان هەیە و "هیچ گرووپێکی ئیتنیکی پەراوێز نەخراوە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کاری لەپێشینەی ستراتیژی گەشەپێدانی نیشتمانیی ئێران گرنگیدانی زیاترە بە ناوچە پەراوێزخراوەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەموو بەشەکانی ئەو وڵاتە مافی یەکسانیان هەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری گشتی وەکو تەندروستی، پەروەردە و کەرتەکانی دیکە.
ئەوە یەکەمجارە ئێران پانێلێکی تایبەت لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لەبارەی مافەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکە لەو وڵاتە بەڕێوە دەبات. بەڕێوەبردنی ئەو پانێلە لە کاتێکدایە کە لە راپۆرتەکانی چەند ساڵی رابردووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بە پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان لە ئێراندا کراوە بەتایبەت کورد، بەلوچ و عەرەب و داوا لە دەسەڵاتی ئێران کراوە، کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانیان بهێنێت.
تەیموور ئەلیاسی، هاوسەرۆکی هاوپەیمانێتیی مافی مرۆڤیی ئیمپەکت ئێران (هاوپەیمانێتییەکە لە ژمارەیەک رێکخراوی مافی مرۆڤیی نێودەوڵەتی، کوردستانی و ئێرانی پێکهاتووە) کە نزیکەی دوو دەیەیە نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە لە ژنێڤ لەبارەی بەڕێوەچوونی پانێلەکەی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامانجی ئێران لە بەڕێوەبردنی پانێلەکە ئەوەیە، لە زاری چەند کەسی کورد و بەلوچ کە سەر بە دەسەڵاتی ئێرانن بڵێت، راپۆرتەکان لەبارەی پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان لەو وڵاتە ناڕاستن".
بە گوتەی ئەلیاسی، "پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان و ناوچە عەرەبنشینەکان تۆمار و پشتڕاست دەکرێنەوە و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ بەپێی زانیاری و راپۆرتی راست و پشتڕاستکراوە بڕیار دەدات مافی نەتەوەکان پێشێل دەکرێت یان نا، نەک بەپێی قسەی وڵاتان یان کەسانی سەر بە دەسەڵات".
پێشتر ئێران کەسێکی پێشنیاز کردبوو بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی 18ـەیەمین فۆرۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی مافی کەمینەکان بکات، بەڵام پێشنیازەکەی رەتکراوەتەوە.