قاسم شەشۆ: پێشمەرگەکانمان ئازادنەکەن لەهەرشوێنێک حەشد ببینین لێیاندەدەین
رووداو-هەولێر
فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگەی ئێزدی لە شنگال رایگەیاند، ئەوەی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە پێشمەرگە کردوویەتی کارێکی داعشانەیە و گوتیشی: "ئەگەر پێشمەرگەکان ئازادنەکەن لە هەرشوێنێک حەشد ببینین لێیاندەدەین".
قاسم شەشۆ، فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگەی ئێزدی لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە پێشمەرگەکانی هێزی حەیدەر شەشۆ کردوویانە کارێکی داعشانەیە و مایەی قبوڵکردن نییە و گوتیشی، "تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو پێشمەرگانە ئازاد نەکرێن لەهەر شوێنێک حەشدی شەعبی ببینین دەستیان لێ ناپارێزین و لێیان دەدەین".
سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبیەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەو پێشمەرگانە "بەبێ مۆڵەت لەوێ بوون، دەمانویست رادەستی بنکەی پۆلیسی شنگالیان بکەین، بەڵام پۆلیسی شنگال ئامادەنەبوو وەریانبگرێت و بۆیە رادەستی فیرقەی 16ـی سوپای عێراق لە شنگال دەکرێن".
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێم سەیرە ئەو قسەیە دەكرێت. پێشمەرگە ئەگەر چەكی نەبێت، ئەی كاری چییە؟".
دوای 16 ئۆکتۆبەری 2017 نزیکەی ھەزار پێشمەرگەی سەر بە ھێزی پاراستنی ئێزدخان بە سەرپەرشتی حەیدەر شەشۆ لە شنگال مانەوە و تاوەکو ئێستا لە چەند شوێنێکی سنوونێ و شنگال جێگیرن.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان