دروستکردنی فەرشی کوردی لە پارێزگای سنە کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی فەرشی دەستچن لە پارێزگای سنە دەڵێ، بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەری و ئەو کێشانەی فەرشچنان هەیانە، دروستکردنی فەرشی دەستچن لەو پارێزگایە زۆر کەمبووەتەوە و بەو شێوەیە بەردەوام بێ، رەنگە هەر نەمێنێت.
ئەفشین حەبیبی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی فەرشی دەستچن لە پارێزگای سنە بە ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێرانی راگەیاند، ئەو گەمارۆیانەی لەسەر ئێران هەبوون لە 30 ساڵی رابردوودا بوونەتەهۆی ئەوەی وردە وردە رۆڵی ئەو وڵاتە لە بازاڕی فەرشی دەستچنی جیهاندا لاواز بێت و ئێستا گەیشتووەتە قۆناخێک کە هیچ رۆڵی لەو بازاڕەدا نەماوە و وڵاتانی وەک چین، هیندستان و پاکستان جێگەی ئێرانیان گرتووەتەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی فەرشی دەستچن لە پارێزگای سنە دەڵێ، بەرهەمهێنەرانی چین، هیندستان و پاکستان فەرشچنیان لە ئێرانەوە بردووە تاوەکو فێری رستن و چنینی فەرشیان بکەن و بەپێی خواستی کڕیار، گۆڕانکارییان تێدا کردووە و دەیانخخەنە بازاڕەوە، بۆیە توانیویانە دەست بەسەر بازاڕی فەرشی دەستچن لە جیهاندا بگرن.
حەبیبی دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی فەرشچنی لە کوردستان مێژوویەکی سەتان ساڵەی هەیە، بەڵام ئەو هونەر و پیشەسازییە لەنێودەچێت، ئەگەر حکومەت، دامەزراوە حکومییەکان یان پیشەسازییە گەورەکان لە پارێزگای سنە پاڵپشتی لێ نەکەن، چونکە داهاتی فەرشچنان زۆر کەمە و بەشی پێداویستییەکانی ژیانیان ناکات؛ دەشڵێت، فەرشچنانی پارێزگاکە کە زۆربەیان ژنن، جگە لە کەمیی داهاتی مانگانە، کێشەی بیمەنەکردنیشیان هەیە.
بەپێی ئامارێک کە پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و بازرگانی پارێزگای سنە بڵاویکردووەتەوە، لەو پارێزگایەدا 90 هەزار کەس کاری چنینی فەرش دەکەن و ساڵانە لە نێوان 160 بۆ 180 هەزار مەتری چوارگۆشە فەرش دەچنن.
لە پارێزگای سنە، فەرشی دەستچنی سنە و بیجاڕ وەک دوو براندی کوردستان لە ئاستی جیهان تۆمار کراون و لە رووی کواڵیتی، رەنگ و خۆڕاگرییان جیاوازن لە فەرشەکانی دیکە.