لە قەڵای هەولێرەوە بۆ جەنگی ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
کاتێک لەو قەڵا دێرینە شەش هەزار ساڵەییەوە بەڕێدەکەوێت بۆ گۆڕەپانی ئەو جەنگەی بە نوێترین تەکنەلۆژیا دەکرێت، دڵی دڵنیا خێراتر لێ دەدات؛ بۆ ئەوە نا کە دەترسێت بۆ گۆڕەپانی جەنگ بچێت، بۆ ئەوەیە چۆن بتوانێت نوێترین زانیاری بگوازێتەوە.
ئەو نایەوێت شانبەشانی میدیای نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت، بەڵکو هەموو جارێک پلان بۆ ئەوە دادەنێت، چۆن شەش هەنگاو لە پێش میدیای جیهانی بێت، ئەوەش بە گواستنەوەی زانیارییە تایبەتەکان.
دڵنیا رەحمان، بە سرووشتی خۆی حەزی لە هەواڵی سەربازییە، رەنگە هی ئەوە بێت بە بیری خۆی، دایک و باوک و باوانی لە نیشتمانەکەیدا هەر جەنگ و شەڕ بووە، دەیەوێت نهێنیی بەردەوامیی شەڕ بزانێت.
لەوەتەی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا روویداوە، دڵنیا رەحمان چەندین جار بۆ کاری میدیایی ( تۆڕی میدیایی رووداو)، راپۆرتی رۆژنامەڤانی و دروستکردنی دۆکیومێنتەری لەگەڵ کامێرامانەکەی چوونەتە ئۆکراینا. سەرەتا کە چوو شارەزایی لە ناوچەکە نەبوو، لەبیرمە تەنانەت زەحمەتی زۆری کێشا تاوەکو ناوه قورسەکانی ئەو شارانەی ئەزبەر کرد کە شەڕیان تێدابوو، بەڵام دڵنیا لەوە دڵنیا بوو کە دەتوانێت هەواڵەکان بەبەڕاستی بگوازێتەوە، دڵنیا بوو دەتوانێت زیاتر پێش بکەوێت، شارەزا بێت و تەنانەت دۆکیومێنتەری بکات، هەربۆیە هێندە پێشکەوت تاوەکو یەکێک لە دۆکیومێنتەرییەکانی خەڵاتێکی جیهانی بردەوە.
دڵنیا رەحمان و ئەحمەد عومەری کامێرامانی لەسەر بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ) خەڵاتی زێڕینی ستیڤییان بردەوە.
دوای 15 رۆژ مانەوە لە گەشتی رۆژنامەڤانی ئەمجارەی "لە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراینا"، دڵنیا، لە بەیانییەکی کریسمسی ئەم ساڵ (2025) میوانی بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" بوو، لە دیمانەیەکی کورتدا هەندێک لەو چیرۆکانەی باسکرد کە لە ڤیتییەکانیدا باسی نەکردبوو.
سەرەتا پێم گوت، ئێستا بەباشی شارەزای ئۆکراینا بوویت، زیاتر لەو گەریدە و رۆژهەڵاتناسانەی جاران دەهاتنە نیشتمانەکەی ئێمە، دڵنیا بە پێکەنینەوە گوتی: "بەڵێ شارەزا بووم، دەتوانم بڵێم ئێستا خەریکە ببمە شارەزای سەربازی".
دڵنیا رەحمان باسی لەوە کرد، "ئەمجارە کە چوومەوە بینیم ستراتیژی جەنگەکە گۆڕاوە، شەڕ لەسەر زەوییەوە گوێزراوەتەوە بۆ ئاسمان، ئێستا مۆدێلێکی دیکەی جەنگ دروست بووە ئەویش جەنگی درۆنەکانە".
ئەو پەیامنێرەی رووداو دەڵێت، "ئۆکراینا بەڕژدی کاری لەسەر ئەوە کردووە درۆنی خۆی بەرهەم بهێنێت، دەڵێت لە مەتەرێزێک بووم، تاوەکو 9 جۆری درۆنیان ژمارد کە ئۆکراینییەکان دروستیان کردووە، گوتم ئەوەندەتان دروست کردووە؟ ئەندازیارێکی درۆن پێی گوتم: زیاتر لەوەمان دروست کردووە".
دڵنیا رەحمان تەنیا وێنەی جەنگەکەی نەگواستەوە، بەڵکو وێنە گەورەکەی ئۆکراینای بۆ گواستینەوە، ئەو لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی سەرنجی ئەوەی داوە کە خەڵک زیاتر خۆیان لەگەڵ کەشی جەنگ راهێناوە، تەنانەت حکومەت و پەروەردە بەردەوام کاریان لەسەر ئەوە کردووە ژیان و خوێندن نەوەستێت.
دڵنیا سەرسام بوو بەوەی کە لە خارکێڤ هیچ قوتابییەک لەسەر زەوی ناخوێنێت، بەڵکو دەیان قوتابخانە بە سیستمی پێشکەوتوو لە ژێرزەمینەکان دروست کراون.
ئەو لە رووی کۆمەڵایەتییەوە دیمەنێکی جیاوازی بینیوە، لە ڤیتییەکدا لایەنە گەشەکەی ژیانی پیشان داین کە پێکهێنانی ژیانی هاوژینییە.
ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە، چیرۆکە زۆرەکان لەو هەڤپەیڤینە کورتە و لەو ڤیتیانەیە کە لە تەنیشت ئەم هەڤپەیڤینەوە بڵاوکراونەتەوە.