هەڕاجکردنی کەلوپەلی ناوماڵ لە بازاڕی کۆنەفرۆشان زیادیکردووە
رووداو - هەولێر
بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان، بەتایبەت کرێنشینان و مووچەخۆران، بەهۆی دواکەوتنی مووچە و خراپی بژێوی ژیانیان، بەدڵێکی سارد و بەناچاری کەلوپەلەکانی ناوماڵیان لە بازاڕی کۆنەفرۆشان دەفرۆشنەوە.
بەپێی گوتەی کڕیاران، بەراورد بە ساڵانی پێشووتر ماوەی دووساڵە فرۆشی کەلوپەلی ناوماڵان نزیکەی 40% زیادیکردووە، نرخی کاڵاکانیش بەشێوەیەک دابەزیوە، کە بۆشاییەکی ئەوتۆ بۆ هاونیشتمانیان پڕناکاتەوە.
مام ئەسوەد، هاونیشتمانییەكی دانیشتووی شاری هەولێرە و دەڵێت "تەلەفزیۆن، قەنەفە و سپلیتی فرۆشتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خانەنشینم و مووچە وەرناگرم".
فەتاح عەبدوڵا، هاونیشتمانی لەبارەی ژیانی خۆی و ناچاربوونی بۆ فرۆشتنی كەلوپەلەكانی ماڵەكەی، دەڵێت "کرێچیم و مانگی 600 هەزار دەدەم بە كرێ. دوو نەخۆشم هەیە، چەند مانگیشە مەعاشم وەرنەگرتووە، بۆیە سۆبە و تەلەڤزیۆنم هێناوە دەیانفرۆش".
بەر لە تێکچوونی رەوشی دارایی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕی كۆنەفرۆشان ئەو کەلوپەلانە دەفرۆشرێن کە چینی دەوڵەمەند و بەشێک لە هاونیشتمانیان بەهۆی نوێکردنەوەی ماڵەکانیان هەرزان فرۆشیان دەکرد، بەڵام ئێستا پێچەوانەیە و هەندێک لە هاونیشتمانیان بۆ دابینکردنی بڕێک پارە کەلوپەلەکانیان دەفرۆشن.