داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان جموجووڵەکانی زیادبووە
رووداو دیجیتاڵ
جموجووڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان زیادبووە و تاکتیکی هێرشەکانیشیان بە هەندێک گۆڕانکارییەوە جێبەجێ دەکەن.
لیوا روکن بەختیار محەممەد، راوێژکاری سەربازی و ئەندامی بۆردی باڵای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "لە ناوچەکەدا ئەوەی نزیکە لە کوردستان دەتوانین بڵێین موسڵ (نەینەوا)، کەرکووک و دیالە بۆ داعش لەبارن. ئێستا داعش لە دیالە بەهێزە، لە ناوچەی موسڵ و قەرەچووغ بەهێزە. ئێستا داعش لە حەویجە و ریاز و رەشاد لە شوێنە دوورەدەستەکان هەیە."
لە ساڵی 2014وە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەدات. بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، تەواوی خاکی ژێر دەسەڵاتی داعش کۆنترۆڵ کرایەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، حکومەتی فیدراڵی هەردەم داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا جیددی و یارمەتیدەر بێت.
د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند "ئێمە چەند ساڵێک لەمەوبەر، بە دیاریکراوی لە ساڵی 2014 بەدواوە، باسی دیپلۆماسییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرمان کردووە؛ بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشمان راگەیاند کە گرنگە پەلەبکرێت لە پشتیوانیکردنی عێراق و وەستان لەگەڵ عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی چەتە تەکفیرییەکانی داعش. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێکنەدەهات ئەگەر داواکاریی حکومەتی عێراق نەبوایە".
21ی ئەم مانگە چەکدارانی داعش لە سەڵاحەددین هێرشیانکردە سەر حەشدی شەعبی، فەرماندەیەک و 11 چەکداریان کوشت. هەمان رۆژ دوو تەقینەوە لە بەغدا روویاندا و لانیکەم 32 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون. داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تەقینەوەکانی لەئەستۆگرت.
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش پێیوایە عێراق بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت.
هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لە قۆناخی ئێستا کە هەم تیرۆریستانی داعش جموجووڵیان هەیە، هەم لەڕووی ئابوورییەوە عێراق تووشی قەیران بووە و لە قەیراندایە، لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە عێراق دەچێتە خانە یان قۆناخ و ئاستێک کە رەنگە هەڵسانەوە و گەشەسەندنی بەو شێوە نەبێت کە پشتیوانییەکان لەدەستبدات لەم قۆناخەدا".
شێرکۆ میروەیس، نوێنەری خانەقین لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جموجووڵی چەکدارانی داعش لە سنووری دیالە زیادیکردووە و پێیوایە، باشترین چارەسەریش هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقە لە ناوچەکەدا، بە پێویستیشی دەزانێت دۆسیەی ئەمنی بە هاوبەشی لەنێوان هەردوولادا بەڕێوەببرێت.