قایمقامی رواندز: پڕۆژەکانی ئەم ساڵمان زۆربەی کێشەکانی رێگەوبان و کەمئاوی چارەسەر دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی رواندز رایگەیاند، ئەم ساڵ ژمارەیەک پرۆژە لە بواری رێگەوبان و ئاو جێبەجێ دەکرێن، بە تەواوبوونی پرۆژەکانیش زۆربەی کێشەکانی رێگەوبان و کەمئاوی لە سنووری قەزاکەیان چارەسەر دەبن.
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ساڵی رابردوو هەندێک لە پرۆژەکانیان بەهۆی دۆخی دارایی دواکەوتن، بەڵام ئێستا دراونەتە تەندەر و هەندێکیان لە جێبەجێکردندان.
 
قایمقامی رواندز گوتی، "ئەم ساڵ کۆمەڵێک پرۆژە لەبواری رێگەوبان لە بەرزێوە، بێخاڵ، وەرتێ و رێگەی گەرەوانیی سەروو و فەقیان و ئاکۆیان جێبەجێ دەکرێن یان دەست جێبەجێکردنیان کراوە. پرۆژەی رێگەی فەقیان و گەرەوان لە تەندەرن و چاوەڕێ دەکەین بدرێتە بەڵێندەر و جێبەجێ بکرێن."
 
سەبارەت بە پرۆژەکانی ئاو، قایمقامی رواندز گوتی، "پرۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە و 1 ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، جێبەجێ دەکرێت. پرۆژەی پیرسوانی نوێ بە گوژمەی 246 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و قۆناجی باشی بڕیوە.
 
جگە لەو دوو پرۆژەیە قایمقامی رواندز، ئاماژەی بە پرۆژەی ئاوی مێگر دا، کە 350 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و گوتی، "پرۆژەی ئاوی مێگر نۆژەنکراوەتەوە و کێشەی ئاوی ناو سەنتەری رواندزی چارەسەر کردووە و ئێستا پێویستمان بە پرۆژەی ئاوی بێخاڵ نەماوە."
 
ئەحمەد قادر گوتی، "ئەو پرۆژانەی لە 2024 جێبەجێدەکرێن کێشەی خزمەتگوزاری تاراددەیەک چارەسەر دەکەن."
 
لە رواندز چەندین ناوچەی گەشتیاری هەن، چەند شوێنەوارێکیش دەکەونە سنووری قەزاکە. قایمقامی قەزای رواندز باسی لە پرۆژەکانی بواری گەشتیاری کرد و گوتی، "پرۆژەی دروستکردنی دەروازەی رواندزمان هەیە، کە گوزارشت لە مێژووی رواندز دەکات و سەرنجی گەشتیاران بۆ خۆی رادەکێشێت."
 
هەروەها باس لەوەش دەکات، "چەند خانووێکمان نۆژەنکردوونەتەوە و دەمانەوێت موڵکدارییەکەیان بکەینە گشتی و بۆ ئەوەی وەک ناوچەیەکی گەشتیاری سوودیان هەبێت."