وەزارەتی دارایی: تائێستا هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تائێستا هیچ رێککەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە" و هیچ بڕیار و رێنماییەکیان لەبارەی خەرجکردنی مووچە لە وەزارەتی فیدراڵەوە پێنەگەیشتووە.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی:
 
سەبارەت بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026، ماوەی چەند رۆژێکە چەندین لێدوان و شیکردنەوە و لێکدانەوەی نادروست لەسەر ئەو بابەتە لە بەشێک لە میدیاکانەوە بڵاودەبێتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم بەرچاوڕوونیانە بخەینەڕوو.
 
1- تائێستا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هیچ بڕیار و رێنماییەک سەبارەت بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە بۆ ساڵی دارایی 2026 نەگەیشتووەتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
 
2- تائێستا هیچ رێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە.
 
3- وەزارەتی دارایی و ئابووری هەروەک ساڵانی پێشوو بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی هەموو هەنگاوەکانی دابەشکردنی مووچە.
 
4- هیچ کێشەیەک لەبەردەم وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمدا نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی خاڵی یەکەمە (واتە بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ خەرجکردنی مووچە لە ساڵی 2026).  
 
بۆیە تکایە هەرکەس و لایەنێک کە شارەزای ئەم رێکەوتن و رێنمایی و رێکارانە نییە، زانیاریی هەڵە لەسەر لیستی مووچە و بابەتی (120,000,000,000) سەد و بیست ملیار دینارەکە بڵاونەکاتەوە، تاوەکو لەو رێگایەوە بیەوێت بۆ دەستکەوتی کەسی یان سیاسی یاری بە هەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات.
 
بۆ چەندین جار چەند بارەی دەکەینەوە، هەر کەس و لایەنێک پێویستی بە زانیاریی هەیە لەو بارەیەوە دەرگای وەزارەتمان ئاوەڵایە.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری 
25ی کانوونی دووەمی 2026