وەزارەتی پەروەردە: پشووی فەرمی قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەگرێتەوە

 
رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سبەی چوارشەممەوە تاوەکو 23-3-2020 پشووی فەرمی بێت، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، پشووی فەرمی باخچە، قوتابخانە و پەیمانگە حکومی و ناحکومییەکان دەگرێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی پەروەردە، لە رۆژی چوارشەممە 26-2-2020  تاوەکو 24-3-2020، لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشووی فەرمی دەبێت لە باخچە، قوتابخانە و پەیمانگەکانی وەزارەتی پەروەردە بە حکومی و ناحکومیەوە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی وانەبێژان، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لەسەر پێشنیازی وەزارەتەکە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە کە ماوەی 26-2-2020 تاوەکو 10-3-2020 کە پشوو دەبێت شایستە داراییەکانی وانەبێژان خەرجدەکرێت. 

ئەمە لەکاتێکدایە ساڵانە لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە 11ـی ئازار تاوەکو 24ـی ئازار پشووی بەهارەیە.