ئەحمەد سۆفی: 90%ـی زەوییە داگیرکراوەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان فرۆشراونەتەوە و کڕیارەکانیش کوردن
رووداو دیجیتاڵ
پێنج دەیە بەسەر پڕۆژەی نەژادپەرستانەی "زیناری عەرەبی" لە رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام برینەکە هێشتا ساڕێژ نەبووە و ئێستا کەوتووەتە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە. ئەو عەرەبانەی لە ساڵانی حەفتاکاندا لەسەر خاکی باو و باپیرانی کورد نیشتەجێ کران، ئێستا خەریکی فرۆشتنی زەوییەکانن و ئەوەی جێگەی سەرنجە؛ زۆرینەی کڕیارەکان بازرگانی کوردن.
ئەحمەد سۆفی، ئەندامی کۆمیتەی هەرێمیی PDK-S لە دێرک، کە خۆی یەکێکە لە قوربانییانی ئەو پڕۆژەیە و 800 دۆنم زەویی باوکی لەژێر دەستی "عەرەبی هاوردە"دایە، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ "رووداو" پەردە لەسەر راستییەکی تاڵ لادەدات. ئەو دەڵێت، نەک هەر زەوییەکان دەفرۆشرێن، بەڵکو ژمارەی خێزانە هاوردەکان لە هەندێک گونددا سێ هێندە زیادی کردووە.
سۆفی باس لەوە دەکات کە "بازرگانانی شەڕ" خەریکی کڕینەوەی ئەو زەوییە داگیرکراوانەن. گلەییش لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات، کە سەرەڕای بڕیارەکانی پێشووی، ئێستا چاوی لە ئاست ئەو مامەڵە نایاساییانە پۆشیوە.
ئەندامی کۆمیتەی هەرێمیی PDK-S لە دێرک هۆشداری دەدات، کە ئەم کڕین و فرۆشتنە نەک هەر شەرعییەت دەداتە داگیرکارییەکەی بەعس، بەڵکو لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە لە نێوان کوردانی ناوچەکەدا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئایا هێشتا عەرەبی هاوردە زەوییەکان دەفرۆشن؟
ئەحمەد سۆفی: پرۆسەی فرۆشتنی زەویی کوردان لەلایەن عەرەبی هاوردە بەردەوامە؛ ئەو زەوییانەی باو و باپیری کورد کە ئێستا لەژێر دەستی ئەو عەرەبانەدایە. ئەو زەوییانە بەشێکن لە کوردستان کە بەبێ ئیرادەی گەلی کورد خرانە سەر خاکی سووریا. ئامانجی ئەو پرۆسەیە پارچەکردنی کوردستان بوو. دەتوانم بڵێم 90٪ی زەویی کوردان کە لەژێر دەستی ئەو عەرەبانەدا بوون فرۆشراون. بازرگانانی شەڕ ئەو زەوییانە دەکرن.
رووداو: ئەو کەسانەی زەوییەکان لە عەرەبی هاوردە دەکڕن کوردن؟
ئەحمەد سۆفی: زۆربەی ئەو کەسانەی زەوییەکان دەکڕن کوردن، هەروەها ئەو کەسانەشی دەیانەوێت پارەکانیان سپی بکەنەوە ئەو زەوییانە دەکڕن. با ئەو کەسانە بزانن کە ئەوان بازرگانی شەڕن. زۆربەیان کوردن. هەندێک کەس دەیانەوێت بە ناوی بازرگانەوە ئەو زەوییانە بکڕن.
رووداو: ئایا بەڕێوەبەریی خۆسەر رێگە دەدات عەرەبی هاوردە ئەو زەوییانە بفرۆشن؟
ئەحمەد سۆفی: بەڕێوەبەریی خۆسەر چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیاری دابوو نابێت ئەو زەوییانە بفرۆشرێن، بەڵام بەداخەوە ئێستا چاوی لەو پرۆسەیە پۆشیوە، هەر بۆیەش بەردەوامە. عەرەبی هاوردە لە ساڵی 1974ەوە لە ناوچەکەمان دەژین، بەڵام تێکەڵی کۆمەڵگەی رۆژئاوای کوردستان نەبوون؛ ئەوان دەزانن رۆژێک دێت و دەبێت لەو زەوییانە دەربچن و زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان بگەڕێنەوە.
رووداو: سبەی کە خاوەنە رەسەنەکان هاتن و گوتیان ئەمە زەویی ئێمەیە، ئایا لە نێوان ئەوان و کڕیارەکاندا کێشە دروست نابێت؟
ئەحمەد سۆفی: کاتێک ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1973 دەستی پێکرد، پارتی دیموکراتی کوردستانی-سووریا بەیاننامەی دەرکرد و دژی وەستایەوە. ئەو کاتە سەرکردەکانی پارتەکەمان وەک حاجی دەهام، کەنعان عەگید، محەممەد نەزیر مستەفا، محەممەد ئەمین، محەممەد فەخری، عەبدوڵڵا مەلا عەلی و حەمید سینۆ، بەهۆی ئەوەی دژی ئەو پڕۆژەیە جەنگان، بۆ ماوەی هەشت ساڵ زیندانی کران. زەوییەکانی منیش لەژێر دەستی عەرەبی هاوردە دایە، هەندێک کەس ویستیان زەوییەکانم بکڕن، چوومە لایان و پێمگوتن: "قبووڵ ناکەین زەوییەکانمان بکڕن."
رووداو: زەویی تۆ لەژێر دەستی عەرەبی هاوردە ماوە؟
ئەحمەد سۆفی: زیاتر لە 800 زەویی باوکم لەژێر دەستی عەرەبی هاوردە دایە.
رووداو: ئەو عەرەبانەی زەوییەکان دەفرۆشن، لە رۆژئاوای کوردستان دەچنە دەرەوە یان نا؟
ئەحمەد سۆفی: نا، ئەو کەسانەی دەیفرۆشن ناڕۆن. خێزانەکانیان گەورە بوون، هەر یەکێکیان چوار ژنی هێناوە و منداڵیان زۆر بووە. پێش ساڵی 2011 لە گوندەکەماندا 50 خێزانی عەرەبی هاوردە هەبوون، ئێستا زیاتر لە 150 خێزانن. جێگەی خۆیان لە گوندەکانماندا خۆش کردووە.
رووداو: ئەو کەسانەی ئێستا دەیانەوێت زەوییەکەت بکڕن، سبەی رووبەڕووی یەک نابنەوە؟
ئەحمەد سۆفی: پێش 10 ساڵ بیستمان هەندێک کەس هەن هەوڵدەدەن زەوییەکانمان بکڕن، ئەوان خەڵکی دێرکن و یەکدی دەناسین. چوومە لایان و پێمگوتن: "ئەمە زەویی باوکمە، باوکم لەبەر ئەو زەوییە چووەتە زیندان، نابێت بیکڕن." پێمگوتن تاوەکو یەکێک لە ئێمە مابێت، زەویی خۆمان نادەینە کەس. ئێستاش دەڵێین بەڵگەنامەکانی کڕینی زەوی لە عەرەبی هاوردە ساختەن و باوەڕمان پێیان نییە. کاتێک زەوییەکانیان لێ سەندین، رژێمی بەعس گوتی زەویتان لە گوندی (ئەبو مەناسیب) پێدەدەین. پێمانگوتن بۆچی لە دەوروبەری گوندی خۆمان قەرەبوومان ناکەنەوە؟ رژێم دەیگوت "با بارزانی قەرەبووتان بکاتەوە." دەیانویست لە باشووری چیای کەزوانان زەویمان پێ بدەن.
رووداو: بۆچی ئەو کاتە ئەو زەوییە دوورانەیان نەدا بە عەرەبەکان؟ دەزانم قورسە لەبەر چاوی خۆت زەوییەکەت لەدەست عەرەب بێت و نەتوانی هیچ بکەی. پێت نەگوتوون لە زەوییەکانتان بچنە دەرەوە؟
ئەحمەد سۆفی: لە ساڵی 1974ەوە چەندین جار لەگەڵ عەرەبی هاوردە بە شەڕ هاتووین. کاتێک من منداڵ بووم، بەهۆی ئەوەی شەڕ لە نێوان ئێمە و عەرەبەکاندا دروست دەبوو، پۆلیسی رژێمی پێشوو دەهاتنە گوندەکەمان (بانە قەسرێ) و هەموو پیاوەکانیان دەگرت و تەنیا ژن و منداڵیان دەهێشتەوە. ئەو ململانێیە بەردەوام بوو. پرۆسەی سەندنی زەوی لە کوردان تەنیا لە ساڵی 1973دا نەبوو، دوای ئەوەش عەرەبەکان داوایان لە رژێم کرد تەنانەت "قەلاچ"ی (بەرزایی) گوندەکەشمان کە تەنیا ئەوەمان بۆ مابووەوە، لێمان بستێنن. باو و باپیرانمان بە دەستی خۆیان بەردی ئەو شوێنەیان پاک کردبووەوە، بەڵام ئەوەشیان لێ سەندین. حکومەتی بەعس پشتیوانیی عەرەبی هاوردەی دەکرد. ئێمە زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە و لە سەرانسەری رۆژئاوای کوردستان چەندین جار شەڕ لە نێوان کورد و عەرەبی هاوردە دروست بووە.
زنار (پشتێن)ی عەرەبی چییە؟
زینار یان پشتێنی عەرەبی؛ پڕۆژەیەکی رژێمی بەعسی سووریا بوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای رۆژئاوای کوردستان، کە پێش 52 ساڵ لە رۆژئاوای کوردستان جێبەجێ کرا (لە ساڵی 1974)، بەڵام پلانەکەی لە ساڵی 1965دا داڕێژرابوو.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیەی بەعسییەکان ئەوە بوو خاکی رۆژئاوای کوردستان داگیر بکەن و بوونی گەلی کورد لەسەر خاکی باو و باپیرانیان لەناو ببەن.
پشتوێنی عەرەبی بەردەوامیی پڕۆژەی سەرژمێریی ساڵی 1962 بوو، کە تێیدا زیاتر لە 120 هەزار کورد لە پارێزگای حەسەکە لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش کران. رژێمی بەعس 4000 خێزانی لە هۆزە عەرەبەکانی رەققە و تەبقە هێنا و لە 41 گوندی کوردنشینی پارێزگای حەسەکە (لە دێرکەوە تاوەکو سەرێ کانیێ) نیشتەجێی کردن.
ئەو عەرەبانەی ئێستا لەسەر زەویی کوردان نیشتەجێن، لە ناوچەکەدا چەندین ناویان لێ نراوە وەک: عەرەبی غەمر (Erebên Xemir)، مەغمووری و عەرەبی هاوردە.