چیرۆکی شیفا گەردی؛ لە یەکەم چرکەساتی رووداوەوە تاوەکو شەهیدبوونی لە موسڵ


رووداو دیجیتاڵ

متمانەبەخۆ، بەهێز و کاریگەر؛ ئەمانە ئەو سیفەتانەن لەگەڵ بیستنی ناوی شیفا گەردی دێنە بەر زەین. کچە رۆژنامەڤانە بوێرەکەی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەییدا لە موسڵ شەهید بوو، هێشتا چیرۆکی زۆری بۆ گوتن مابوو.
 
شیفا گەردی بناخەی پیشەکەی ئەکادیمی بوو؛ دەرچووی بەشی رۆژنامەڤانیی زانکۆی سەلاحەدین بوو و هەمیشە وەک خوێندکارێکی زیرەک و تینووی فێربوون دەناسرا. ئەم حەزە پاڵنەری بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا گرووپی "5 کۆ 1" پێکبهێنن.
 
شیفا تەنیا رۆژنامەڤانێک نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە مێژووی رووداو. ئەو یەکەم کچە رۆژنامەڤان بوو کە لە یەکەم چرکەساتی دەستپێکردنی پەخشی تۆڕی میدیایی رووداو، بە زمانی شیرینی کرمانجیی سەروو بەخێرهاتنی بینەرانی کرد.
 
جەنگی دژی داعش وێستگەیەکی گرنگ بوو بۆ دەرخستنی تواناکانی. شاری موسڵ بووە ئەو گۆڕەپانەی کە چاونەترسیی شیفای تێدا دەرکەوت، بەڵام تەنانەت لەنێو دووکەڵی جەنگیشدا، سۆز و بەزەییەکەی ون نەبوو؛ دیمەنی رزگارکردنی کەروێشکێکی بریندار لەلایەن شیفاوە، بووە یەکێک لە یادگارییە جوانەکانی نێو دڵڕەقییەکانی شەڕ.
 
رۆژی شەهیدبوونی، شیفا لە نزیک "چاڵی خەسفە" لە موسڵ بوو؛ ئەو شوێنە مەترسیدارەی داعش کردبوویە گۆڕی بەکۆمەڵی نەیارەکانی. لەکاتێکدا سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێک بوو لەسەر ئەو تراژیدیایە، مینی چێنراو کۆتایی بە ژیانی هێنا و جەستە و گیانی کردە قوربانیی گەیاندنی راستی.
 
کاتێک تەرمی شەهید شیفا گەیێندرایە بەردەم باڵەخانەی رووداو لە هەولێر، فرمێسک و شۆکی ستافی رووداو گەورەیی ئەو کۆستەیان دەگێڕایەوە.
 
ئەو شیفایەی لەناکاو ماڵئاوایی کرد، هێشتا زانیاریی زۆری بۆ پشتڕاستکردنەوە و راستیی زۆری بۆ دەرخستن مابوو، بەڵام ئەمڕۆ لە رێگەی "خەڵاتی نێودەوڵەتیی شیفا گەردی"یەوە، بووەتە سیمبوولێکی جیهانی بۆ رۆژنامەڤانانی ژن و ناوی لە مێژوودا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.