بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەڵمانیا ئاهەنگی نەورۆز لە بەرلین بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت، پارتەکانی ئەڵمانیا و کوردانی تاراوگە، ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لەلایەن (جڤاکا کوردی) لە ئۆفیسی هەرێمی بادنڤوتم بێرگ بەڕێوەچوو.
کارین پرین، وەزیری پەروەردە لەبارەی ئاهەنگەکەوە گوتی: "من زۆر سەرسامم بەو هێزەی کە لە فێستیڤاڵی نەورۆزدا دیارە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیتر،بەوە سەرسامم گەلی کورد لە ئەڵمانیا، و لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان، بۆ ئازادی، بۆ مافی مرۆڤ و بێگومان بۆ چارەنووسی گەلی خۆیان دەوەستنەوە. تەنانەت لەم سەردەمانەشدا کە جارێکی تر شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەری هەڵداوەتەوە، لەوانەش لەو ناوچانەی کە کوردێکی زۆر تێیدا دەژین، جارێکی دیکە بەدەست ململانێکانەوە دەناڵێنن. ئەوەی زۆر کاریگەرە ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو ئەو ناخۆشییانەدا، هێشتا دەتوانن دڵخۆش بن، جێژن بکەن و باوەڕیان بەوە هەبێت کە دۆخەکان دەگۆڕدرێن بۆ باشتر. ئەم هێز و هیوایە راستییەکی زۆر کاریگەر و سەرنجڕاکێشە."
جڤاکا کوردی لە ئەڵمانیا هەوڵدەدات وەک پردێکی پەیوەندیی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و کوردانی تاراوگە بێت، و کاری سەرەکییان پاراستنی کولتوور و زمان، کاری سیاسی و چالاکیی کۆمەڵایەتییە.
عەلی تۆپراک، لە جڤاکا کوردی لەو بارەیەوە گوتی: "نابێت رێگە بدەین دوژمنەکانمان نەریتی ئێمە و تینوێتی ئازادی و هیوامان بدزن. رووداوێکی لەم شێوەیە گرنگە، نەک تەنها بۆ ئەوەی کورد کۆببێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی نیشانی هەموو دوژمنەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا بدەین کە گەلی کورد یەکە. ئێمە پێکەوە وەستاوین، ئێوەش ناتوانن ئێمە بشکێنن. و تەنها ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی گرنگە ئاهەنگی نەورۆز تەنانەت لەم دۆخەی ئێستاشدا ئەنجام بدرێت."
هەموو ساڵێک ئەو رێکخراوە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە تاراوگە کۆدەکاتەوە تاوەکو جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن و ناسنامە و کولتووری کوردی بپارێزن.
بەهرۆز یەنساری، کە وەک میوانێکی کوردی رۆژهەڵات بەشداریی کردووە، دەڵێت: "جەژنی نەورۆز جەژنی هەلسانە جەژنی خۆراگریە ، هەرچەندە دۆخەکە زۆر ناخۆشە بەداخەوە ئەمرۆ لە باشوری نیشتمان پێشمەرگە شەهید بوە . بەوجودیە کورد قەد ناکەوێت بەس بەسادان سالە ئیمە کور د لە هەر چوارپارچەی کوردتسان لێمان دەکوژن و لێمان دەدەن ، کۆمەلکوژیمان دەکەن بەلام نەیان توانیوە لە بەینمان بەرن"
لە ئاهەنگەکەدا، نەک تەنیا کورد، بەڵکو بەرپرسانی ئەڵمانیاش پەیامیان نارد و جەختیان لەوە کردەوە کە کورد خەبات بۆ دیموکراسی و ئازادی دەکات، بۆیە پێویستە پشتگیرییان بکرێت.
خەنزاد غالد حەیدەر، میوانی کوردی ئێزدی لە پەیامەکەیدا گوتی: "بە بڕوای من یەکێک لە گرنگترین شتەکان ئەوەیە کە بەرخودان نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی کورد و ئێزدی لە کاتی شەڕدا پێکەوە دەریبڕن؛ کە ئەوان نە شەڕیان دەوێت و نە لێشی دەترسن، بەڵکو بەهێز و خۆڕاگرن. با ئەم نەورۆزە ببێتە 'رۆژێکی نوێ' و دەسپێکێکی تازە بۆ هەموو لایەکمان."