نێچیرڤان بارزانی سەرقاڵی دروستكردنی ستافی سەرۆكایەتییە

رووداو - سلێمانی

هەرچەندە هێشتا هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان چاوەڕێی رێككەوتنی لایەنەكانە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی، دەستی بەئامادەكاری كردووە بۆ دروستكردنی ستافی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هەوڵەكانی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەڵێ: "ئامانجی ئەوەیە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا دوور لە رەچاوكردنی ناسنامەی حزبی لەگەڵی كاربكەن".

عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، مادام دەزگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەزگایەكی نیشتمانییە و دەبێت نوێنەرایەتی تەواوی خەڵكی كوردستان بكات "گرنگە هەوڵ بدرێت كەسانی ناحیزبی و تەكنۆكرات و تێكەڵ لە هەموو لایەنەكانی تێدا بێت".

بەراوری دەڵێت لە ماوەی رابردووشدا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەروا كاری كردووە: "سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كەسێكی پارتی نەبووە، زۆر كەسی تر دەناسم لەوێ كاریان كردووە و پارتیش نین، بۆیە پێویستە نەك تەنیا نێچیرڤان بارزانی، هەموو دەزگاكانی دیكەش ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە دەزگا و وەزارەتەكانیان نەكەنە شوێنی حیزبایەتی".

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، پێكهاتەیەكی سیاسی، ئیداری و یاساییە. بەپێی ماددەكانی یەكەم، دووەم و سێیەم لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هەمواركراو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەیە.

مەسعود بارزانی، لە كانوونی دووەمی 2005، وەك یەكەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرا. چوار ساڵ دواتر بە رێگەی دەنگدانی گشتی هەڵبژێردرایەوە. بەڵام لە كۆتایی 2017 رایگەیاند كە جارێكی دیكە خۆی بەربژێر ناكاتەوە بۆ ئەو پۆستە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیران بە (رووداو)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی جگە لە نووسینگە گشتییەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نووسینگەیەكی تایبەت بە خۆی دەبێت وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان "ئەو بڕیاری داوە هەردوو نووسینگەكەی بكاتەوە بەڕووی كەسانی پارتی و دەرەوەی پارتیدا، داوای كردووە سەرۆكایەتی هەرێم بە جددی رەنگدانەوەی هەموو لایەنەكان بێت و هەموو هەوڵێك بدات بۆ تێپەڕاندنی واقیعی تاڵی دوو ناوچەیی". 

گوتیشی: "هەرچەندە بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە تیمێكی شارەزا و پسپۆڕی راوێژكاری هەیە، بەڵام دوای ئەوەی بە كردەیی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستیپێكرد، روونتر دەبێتەوە كە دەزگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت".

ئەبوبەكر عەلی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی، پێیوایە بەربەستی سەختی بەردەم نێچیرڤان بارزانی كە دەبێت كاری لەسەر بكات، تەنیا دروستكردنی تیمێكی هەمەڕەنگ و دوور لە رەچاوكردنی ئینتیمای حیزبی نییە: "چونكە دەبێت واقعی دابەشبوون و دوو ئیدارەیی و پەیوەندی نێوان حیزبەكان و سروشتی حكومەتەكە و پێداویستییەكانی بە دامەزراوییكردنی سەرۆكایەتی هەرێم رەچاو بكرێت و كاری لەسەر بكرێت".

هیڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، پەسنی نێچیرڤان بارزانی دەدات و پێیوایە "كەسێكی ئیدارییە و بەپێی ئەزموونی كاركردنی پەیوەندییەكی باش لە نێوان لایەنەكان رادەگرێت . هەركەسێك كاری لەگەڵ كردبێت، لە پارتییەكان باشتر لێی تێدەگات".

لە ‌دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی هەن. ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە لەپێناو جێبەجێكردنی ئەو ئەركانە دامەزراون كە بەیاسا خراونەتە ئەستۆی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەكانیش پێكهاتوون لە: كارگێڕی و دارایی، هەماهەنگی و بەدواداچوون، كاروباری یاسایی، پەیوەندییەكان، كاروباری كۆمەڵایەتی و‌ سكاڵا و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن.

هەرچەندە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە یەكێكی دیكە لە بیرۆكەكانی نێچیرڤان بارزانی كردنەوەی نووسینگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە لە سلێمانی، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكەی (رووداو) گوتی :"هێشتا باس لەوە نەكراوە".