ئەو کچەی لە هەولێر 'داوای باوەشی' دەکرد: ویستم یەکەم کچ بم کارێکی وابکەم
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ شەممە کچێک لەنێو پارکی شار لەبەردەم قەڵای هەولێر پۆستەرێکی بەدەستەوە گرتبوو کە بە سێ زمان لێی نووسرابوو باوەشی خۆڕایی، دوای چەند خولەکێکیش لەو شوێنە دوورخرایەوە. ئەو کچە بە رووداوی گوت، ویستوویەتی یەکەم کچ بێت کە ئەو کارە لە ئەم ناوچەیە بکات.
لە ڤیدیۆکەدا کە لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت، ئەو کچە لە پارکی شاری هەولێرە کە لە بەردەم قەڵای هەولێردایە. ژمارەیەک خەڵکی ئەو ناوەش لێی کۆبوونەتەوە و پێی دەڵێن، "بەم رەمەزانە ئەوە چۆن دەبێت؟"
کچەکە بە بنەچە خەڵکی سووریایە، یوتیوبەرە و ناوی کارۆلین مارلینییە، تەمەنی 24 ساڵانە و ئێستا لە مالبۆرنی ئوسترالیا دەژی. ئێستاش بە سەردان لە هەولێرە.
رووداو پرسیاری وردەکاریی رووداوەکەی لە کارۆلین کرد، ئەو ئاماژەی بەوە کرد، بەتایبەتی هاتووم بۆ هەولێر بۆ ئەوەی جوانیی هەولێر پێشانی خەڵک بدەم، لەبەر ئەوەی هیچ کام لەو یوتیوبەرانەی لە عێراق دەژین، "شتێکی وایان نەکردووە". ویستوومە یەکەم کچ بم لە وڵاتانی عەرەبی کە کارێکی وا بکەم.
ئەو کچە لە یوتیوب ڤلۆگ دەکات و بەوهۆیەوە نێوبانگێکی باشی پەیداکردووە. لە نەورۆزی ئەمساڵیش ڤیدیۆی لە هەولێر تۆمارکردووە و بە گوتەی خۆی، دەیەوێت جوانییەکانی هەولێر زیاتر پێشان بدات.
کارۆلین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارەی ئەو کردوویەتی مەبەستی بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی بووە، بەڵام "بەداخەوە دوێنێ کەسانێکی زۆر هەوڵیاندا ئەو کارەی من بشێوێنن کە دەیکەم، ئەوەش لە رێگەی سۆشیاڵمیدیا و بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە سۆشیاڵمیدیا کە گوایە دانسم کردووە یان دەستگیرکراوم."
دوێنی شەممە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە هیچ کەسێک مۆڵەتی لە ئەوان وەرنەگرتووە. جەختیشی لەوە کردەوە، بۆ هەر چالاکییەک دەبێت مۆڵەت وەربگیرێت، چونکە لەوانەیە ئەوان رێگەی پێنەدەن و بە چالاکییەکە رازی نەبن.
کارۆلین دەڵێت، ئەوە چالاکییەکی جیهانییە و لە زۆر شوێن کراوە، "من هەوڵمداوە خۆشەویستیی نێوان خەڵکی سووریا و کوردانی عێراق زیاد بکەم."
هاوکات ئەو کچە یوتیوبەرە باسی لەوەشکرد، "چالاکییەکە تەنیا پێنج خولەکێکی خایاندووە، لەو ماوە کورتەدا سێ بۆ چوار کەس پێشوازییان لە کارەکەی من کرد و باوەشیان پێداکردم، دواتریش دوو کەس کێشەیان بۆ دروستکردم." بەو هۆیەشەوە چالاکییەکە راگیرا. گوتیشی، "هیچ بەریەککەوتنێک نەبووە لە شوێنی رووداوەکە، تەنیا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان شتەکە گەورەکراوە."
دوای ئەوەی لەو شوێنە رۆیشتووە، بەپێی وێنەیەک کە کارۆلین بۆ رووداوی ناردووە، لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازی لێکراوە. دەڵێت، سوپاسی پارێزگاری هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ رەخساندنی کەشێک کە هەموو پێکهاتە و بیروباوەڕە جیاوازەکان پێکەوە لە شارەکەدا دەژین. گوتی، "ئێمە لە ئاشتی و ئاشتەوایی زیاتر هیچمان لێرە نەبینیوە."
وەرگێڕان: دیلان سیروان