سەرۆک بارزانی: بەبێ پێکهاتەکان بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پاتریاک مارئاوای سێیەم، پاتریاكی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز)، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، بەبێ پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-4-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە پاتریاک مارئاوای سێیەم کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڕیاری نەهێشتنی کۆتاکان "نادەستوورییە" و جەختیکردووەتەوە، "بەبێ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادەنین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین، چونكە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلەكەمان".
 
رۆژی 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان دانیشت و رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 تێنەپەڕێت، هاوکات کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری هەژمارکرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا "پاتریاک مارئاوای سێیەم پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە پاڵپشتیكردنی پێكهاتە ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی كرد بۆ كردنەوەی بارەگای سەرەکیی پاتریاک لە شاری هەولێر كە ئاماژەیەکی روونە بۆ پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە پێكەوەژیانی ئایینی".
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، پاتریاک مارئاوای سێیەم "سوپاسی سەرۆک بارزانیشی كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدڕاڵ بۆ نەهێشتنی كۆتایی پێكهاتەكان و رایگەیاند، هەڵوێستی سەرۆک بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق".
 
لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی، وەکو راگەیێندراوەکە دەڵێت، بوونی فەرهەنگی پێكەوەژیانی لە كوردستان وەک شانازییەكی گەورە وەسف كرد و جەختیشی لەوە كردەوە، "بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو فەرهەنگە دەكەین و دەوڵەمەندتری دەكەین".