لەنێو 9 وڵات پێنج کورد خەڵاتی خۆشنووسی بەدەستدەهێنن
رووداو - هەولێر
لە نەجەفی باشووری عێراق ، پێنج کوردی باشووری کوردستان لەنێو 9 وڵاتی بەشداربوو لە فێستیڤاڵێکی خۆشنووسی خەڵاتیان پێدەبەخشرێت.
سامان کاکە دێوانە، یەکێک لە خۆشنووسەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەنێو 9 وڵاتی بەشداربوو کە 82 کەس بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکی خۆشنووسی لە نەجەف کردبوو ، پێنج کوردی باشووری کوردستان توانیمان پلەی یەکەم، دووەم و سێیەم بەدەستبهێنن و بڕیاریشە خەڵات بەسەر سەرکەوتواندا دابەشبکرێت".
ئەو خۆشنووسە گوتیشی، ئەو پێشبڕکێیە لەسەر ئەرکی مزگەوتی کوفە لە نەجەف بەڕێوەچووە و بەشداربووانی هەر نۆ وڵات( عێراق، میسر، سووریا، لوبنان، ئوردن و بەحرێن، ئێران، ئەندۆنوسیا و پاكستان) بە تابلۆی جیاواز و خەتی جیاوازی خۆشنووسی بەشدارییان لە پێشبڕکێکەدا کردووە.
ناوی ئەو کوردانەی لە باشووری کوردستان خەڵاتیان پێدەبەخشرێت
کارزان ئەبوبەکر، لە هەولێر خەڵاتی یەکەم لە جۆری خەتی( سولسی جەلی) و خەڵاتی دووەم لە جۆری خەتی (کوفی).
لوقمان محممد یوسف لە کەرکووک خەڵاتی دووەم لە جۆری خەتی (نەسخ).
سامان کاکە دێوانە، لە هەولێر خەڵاتی سێیەم لە جۆری خەتی (نەسخ).
سەرکەوت محەممەد حەمەخان، لە سلێمانی خەڵاتی دووەم لە خەتی (جەلی سولس)
سامان عەبدولخالق هەورامی، لە سلێمانی خەڵاتی سێیەم لەخەتی (جەلی سولس)
کۆی سەرکەوتوانی هەر نۆ وڵات 24 کەس بوون، پێنج خۆشنووسی کورد پشکی شێری خەڵاتە سەرەکییەکانیان بەدەستهێناوە.