خوێندنی باڵا: لیستی یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە و بەشە پزیشکییەکان رەوانەی بەغدا دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە پێنج جار لیستی یەکەمەکانی زانکۆ و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانیان بۆ دامەزراندن بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ناردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 25-5-2023، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، لەبارەی پێشهاتەکانی بەردەم دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" ئێمە لەمانگی ئۆکتۆبەری پارەوە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بەردەوامین لە هاوئاهەنگی لەسەر ئەو پرسە کە تایبەتە بە دەرچووانی ساڵی 2017 تاوەکو 2022 ، چەندین جار لیستی ناوەکانیان پێگۆڕیوین و جیایان کردوونەتەوە و داوای ناردنیان بە فۆنتی عەرەبی کردووە."
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئێمە هەموومان کردووەتەوە و بۆمان ناردوونەتەوە، بەڵام پاساوەکانی ئەوان لەو داواکارییە بەردەوامانە و گۆڕین و جیاکردنەوەی لیستەکان لەو ماوە زۆرە کە هەشت مانگ دەبێت بۆ ئەوەیە کەمترین کەس دابمەزرێنن و بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو دوایین لیستیان بۆ بنێرین کە نزیکەی دوو هەزار کەس دەبێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوەشکرد، سەرەتا ئەوان لیستی یەکەمەکانی زانکۆ کە نزیکەی 10 هەزار کەس دەبن و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کە ژمارەیان هەزار کەس دەبن، لەگەڵ دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان کە نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس دەبن بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ناردووە، بەڵام دواتر داوای جیاکردنەوەیان کرد، دواتر داوای جیاکردنەوەی لیستی دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان کردووە، "بەو پێیە هەرجارە و لیستەکە کەمکراوەتەوە، ئەوان دەیانەوێت تەنیا نزیکەی دوو هەزار کەس دابمەزرێنن و بیانوو دەدۆزنەوە."
هۆی کەمکردنەوەکەشی گەڕاندوە بۆ داواکارییەکان کە ئەوان دەیانەوێت ئەو لیستە تەنیا ئەوانە بگرێتەوە کە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان ئەوانەی لەلایەن ئەوانەوە دانپێدانراون بگرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە دوایین داواکاری، داوای جیاکردنەوەی لیستی ئەو کەسانەیان کردووە کە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەوەشمان ئامادەکردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆیان بنێرین."
قسەکانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25- 50- 2023 بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵییان کردووە و داوایان کرد ماوەی پێشکێشکردنی لیستی ناوی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکانن، درێژبکرێتەوە بۆ رۆژی 08-06-2023."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی رەزامەندیی لەسەر درێژکردنەوەی پێشکێشکردنی لیستی ناوەکان دەربڕیوە و "پێویست ناکات بێنە بەغدا و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو دەکات و کۆدەکان لە رێگەی وەزارەتەوە دەگاتە دەست یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان."