لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەریر پێنج کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک گوندی قەڵاتەجنی سەر بە ناحیەی هەریری قەزای شەقڵاوە، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا کە سەرجەمیان عەرەبن و لە یەک ماڵباتن. بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی قەندیل رایگەیاند "رووداوەکە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە بووە."
ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە، 25-05-2023 رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک گوندی قەڵاتەجن، لە سنووری ناوچەی زرارەتی و هەریر بەهۆی وەگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کە تۆیۆتا هایلۆکس بووە، پێنج کەس کە ئەندامی یەک خێزانن گیانیان لەدەستدا. موقەدەم دڵشاد ئامۆکەیی، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی قەندیل، لەبارەی رووداوەکەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت" رووداوەکە بەهۆی وەرگەڕانەوە بووە، بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵیان تێدایە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو خێزانەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون عەرەبن و ماوەی چەند ساڵێکە لەو سنوورە بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.