جۆڵایەک لە ئێرانەوە چووەتە سلێمانی؛ 'گەنجان ئەم پیشەیە لەبیرمەکەن'
رووداو دیجیتاڵ
حەبیبوڵڵا مووتاب، جۆڵایەکی خەڵکی پارێزگای یەزدی ئێرانە و لە فێستیڤاڵی کولتوور و هونەری گەلان لە سلێمانی. ئەو ئامێرێکی رستنی نمایشکردووە کە خوری و مووی بزن دەکاتە بەن. ئامێرەکە لە رێگەی سووڕانی ئاڵقەیەکی دارین و غەڕغەڕەیەکەوە کاردەکات و خورییەکە بادەدات.
مووتاب ئاماژەی بەوەدا کە لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە کارگەی باوکییەوە فێری ئەو کارە بووە و ماوەی 50 بۆ 55 ساڵە بەردەوامە لەسەر پیشەکەی. ئەو شارەزاییەکی زۆری لە رستن و چنیندا هەیە.
بە گوتەی ئەو جۆڵایە، بۆ دروستکردنی یەک مەتری چوارگۆشەی رەشماڵ، کیلۆیەک و 600 گرام بەن پێویستە. مووتاب دەتوانێت لە ماوەی کاژێرێکدا کیلۆیەک موو بڕێسێت و لە کاژێرێکیشدا مەترێک رەشماڵ بچنێت، بەڵام بە گشتی لە دوو کاژێردا مەتر و نیوێک رەشماڵ ئامادە دەکات.
حەبیبوڵڵا هیواخوازە ئەو پیشەسازییە پەرەبستێنێت و لەناو نەچێت، داواش لە گەنجان دەکات روو لەو کارە بکەن. بە بڕوای ئەو، ئەگەر بازاڕ و داهاتی باشی هەبێت، دەتوانێت هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر خەڵک بڕەخسێنێت.