لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سێواز کەسێک گیانی لەدەستدا و 8ی دیکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل، کەسێک گیانی لەدەستدا و 8ی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە شەوی سێشەممە 24ی حوزەیرانی 2025 لەسەر رێگەی سێواز - قەرەچاییر روویدا.
 
بەهۆی رووداوەکەوە کەسێک بەناوی "م. ک." گیانی لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش، کە سەرنشینی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بوون، بریندار بوون.
 
دوای گەیشتنی تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی و پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، بریندارەکان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکانی سێواز.
 
تەرمی "م. ک." بە مەبەستی پشکنینی پزیشکی دادوەری گوازرایەوە پزیشکی دادی نەخۆشخانەی فێرکاری زانکۆی جمهوریەت.
 
شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەناوی "ب. ک." لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دەستگیرکردنی.
 
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار، 257 هەزار و 301 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، لە ئەنجامیاندا 874 کەس گیانیان لەدەستداوە و 146 هەزار و 994 کەس بریندار بوون.