سەرچاوە سروشتییەکانی سنە: ئەمساڵ هەزار و 220 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە
رووداو دیجیتاڵ
دارستانەکانی مەریوان چەند رۆژی رابردوویان زۆر بە سەختی دەرباز کرد. گەورەترین ئاگر کە ئەمساڵ کەوتبێتەوە، بەشێک لە چڕترین و باشترین دارستانەکانی پارێزگای سنەی لەنێوبرد.
بێهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەمساڵ 80 جار دارستانەکانی ئەو پارێزگایە سووتان، کە 41 جاریان تەنیا لە ناوچەی مەریواندا روویانداوە.
بەگوتەی شەریفی پوور، لەو ئاگرکەوتنەوانەدا هەزار و 220 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاوە، کە 953 هێکتاری دارستانەکانی ناوچەی مەریوان و ئەوی دیکەی دارستان و لەوەڕگەکانی شارەکانی سەقز، قوروە، کامێران، بیجاڕ و بانە بووە.
بەڵام ماڵپەڕی فەرمیی حکومەت دەڵێت، ئەمساڵ تەنیا لە ناوچەی مەریواندا زیاتر لە 100 جار دارستان و لەوەڕگەکان ئاگریان گرتووە، بەڵام دوایین ئاگری ناوچەی مەریوان زیاترین زیانی بە دارستانەکانی پارێزگای سنە گەیاند.
بێهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە گوتی، "دامودەزگا ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکان هەوڵ بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەدەن، کە دارستانەکانیان ئاگر داوە، هەر کاتیش بگیرێن خەڵکی لێ ئاگادار دەکەین."
ماڵپەڕی فەرمیی حکومەت دەڵێت، بەرپرسان وەکو رۆژی رووناک لێیان روونە، کە سووتاندنی دارستانەکانی مەریوان خەڵک سوتاندوویانە.
فەرهاد مەولوودی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەوزی چیا باسی لەوە کرد، "ئەنجوومەنی سەوزی چیا نزیکەی دوو هەزار شوێنی دەستنیشان کردووە، کە لەنێوچوون. واتە 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو شوێنانە دارستان بوون، بەڵام ئێستا باخی تایبەتی تەنیا کەسێکە. هەندێکیش دارستانەکان ئاگر دەدەن بۆ ئەوەی لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا دارە وشکەکان ببڕنەوە و بیانکەنە باخی میوەی وەک ترێ، یان داگیری بکەن. بۆ نموونە ئەو شوێنەی ئاگری گرتووە، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێن یەک دوو ساڵی دیکە بووەتە شوێنی باخی کەسێک کە کەسیش ناتوانێت رێگری لێبکات."
رووبەری پارێزگای سنە دوو ملیۆن و 937 هەزار هێکتارە، لەوەش نزیکەی 374 هەزار هێکتاری دارستانە، کە زیاتری لە ناوچە سنوورییەکان و بەشی هەرە زیاتریشی لە شاری مەریواندا هەڵکەوتووە.
دارستانەکان بۆ پاراستنی ئاو و خاک، راکێشانی گەشتیار، پرسە ئیکۆلۆژییەکان و تەنانەت وەکو سەرچاوەیەک بۆ بژێویی ژیانی دانیشتووانی زاگرۆس رۆڵی زۆر گرنگیان هەیە، بەڵام زۆر کەس بەبێ تێگەیشتن لەم خاڵە گرنگانە، لەنێویان دەبەن و ئەمەش رەوتی لەنێوچوونی دارستانەکانی مەریوان و تەنانەت زاگرۆسیشی زۆر خێرا کردووەتەوە.