زانکۆی سەڵاحەدین: لە زانکۆکانی ئیتاڵیا دەرفەت بۆ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا دەڕەخسێندرێت

رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند لەگەڵ ژمارەیەک زانکۆی ئیتاڵیا رێککەوتوون، بۆ دەستەبەرکردنی چەندین دەرفەتی چالاکی زانستی و ئەکادیمی بۆ توێژەران و تازەوەرگیراوانی ماستەر و دکتۆرا و قوتابیانی قۆناخی چوارەمی زانکۆ، دەشڵێت: "وەرگیراوانی ماستەر و دکتۆرا ئەوانەی لە بەشە زانستییەکانن دەتوانن بۆ ماوەی یەک ساڵ کاری پراکتیکیی توێژینەوەکانیان لەو زانکۆیانە تەواو بکەن."
 
رۆژانی 19 تاوەکو 21ـی ئەم مانگە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. كامه‌ران یونس محەممەدئه‌مین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و  پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. هەوراز ئیبراهیم محەممەدئەمین، مامۆستا لە کۆلێژی زانست سەردانی ئیتاڵیایان کرد.
 
رۆژی سێشەممە، 25-7-2023 سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، لە بارەی ئامانجی سەردانەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی زانستی و کردنەوەی دەرگای زانکۆی سەلاحەدینە بەڕووی زانکۆکانی دەرەوە و ئەنجامدانی توێژینەوە و کۆنفرانسی هاوبەش بەتایبەت رەخساندنی دەرفەت بۆ قوتابیانی تازە وەرگیراو لە ماستەر و دکتۆرا تاوەکو بتوانن بەشێک لەکاری پراکتیکی توێژینەوەکانیان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەوروپا و ئیتاڵیا بۆ ماوەی یەک ساڵ بکەن."
 
سامان عەبدوڵڵا گوتی: "لێکتێگەیشتن کراوە قوتابیانی تازەوەرگیراو لە ماستەر و دکتۆرا بۆ ماوەی دوو بۆ سێ مانگ لەو وڵاتە و لەو زانکۆیانە بمێننەوە بەمەبەستی تەواوکردنی بەشی پراکتیکیی توێژینەوەکانیان." گوتیشی، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش ئەو ئۆفەرە بەردەست دەبێت.
 
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، سەبارەت بە لێکتێگەیشتنەکانی دیکە روونیکردەوە: "لەسەر ئاستی توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ، زانکۆی سه‌لاحه‌دین توانی رەزامەندی خوێندنی (Postdoctoral) دوای دکتۆرا بۆ توێژه‌ران دەستەبەر بکات، لەمبارەیەوە رێککەوتن واژووکرا بەناردنی توێژەران بۆ زانکۆکانی ئیتالیا بۆ خوێندنی دوای دکتۆرا."
 
دەشڵێت: "لەسەرئاستی قوتابییانی زانکۆ، زانکۆی سه‌لاحه‌دین خۆشبەختانە رێکەوتنی واژووکردووە و بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان بەناردنی سێ یەکەمەکانی پرۆژەی باشترین توێژینەوە کە ساڵانە بۆ قوتابیانی قۆناخی چوارەمی زانکۆی سەڵاحەدین دەکرێت بۆ زانکۆکانی ئیتالیا بۆ ماوەی سێ مانگ."
 
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، باسی لەوەشکرد لە رێککەوتنەکان لەگەڵ ئەو زانکۆیانە لێکتێگەیشتن کراوە بۆ ناردنی مامۆستایانی زانکۆ بۆ زانکۆکانی ئیتاڵیا بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لە ژێرناونیشانی (Visiting Professor) بۆ ماوەیەک لەنێوان سێ بۆ شەش مانگ دەبێت.
 
بڵند تاهیر لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هاوکاربووە.