هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراسیی عەلەوییەکان بۆ رووداو: دێرسمییەکان هەموویان کوردن
رووداو دیجیتاڵ
زەینەل کەتە، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراسیی عەلەوییەکان لە فێستیڤاڵی مونزووردا تیشکی خستەسەر گرنگیی زمانی دایک لای هەر تاکێک و گوتیشی: "هەموو دێرسمییەکان کوردن و ئایینیشیان رێگەی حەقە و زمانی رێگەی حەقیش کوردییە."
23ـیەمین فێستیڤاڵی کولتوور و سرووشتیی مونزوور لە دێرسمی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە و تێیدا چالاکی، سیمینار و پانێڵی جیاواز بەڕێوەدەچن.
بەڵام رەخنەی زۆریش دەگیرێ کە بەشی هەرە زۆری سیمینار و پانێڵەکان بە زمانی تورکی پێشکێش دەکرێن.
"زمان ناسنامەی ئێمەیە"
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراسیی عەلەوییەکان لەبارەی ئەم بابەتەوە گوتی: "دەبێت ئەم فێستیڤاڵە بە زمانی خزر بێت، واتە بە کوردی بێت. زمان ناسنامەی ئێمەیە؛ زمان بوونی ئێمەیە."
زەینەل کەتە لەبارەی پاراستنی زازاکی و کورمانجییەوە قسەی بۆ ماشەڵڵا دەکاک، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی ئامەد کرد.
"ویستمان ئازار و ستەم ببیندرێت"
زەینەل کەتە ئامانجی دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکەی لە 24 ساڵ پێش ئێستاوە بیرهێنایەوە و گوتی، ئەو کاتە لە دێرسم گوشار و ستەمێکی گەورە دەکرا و رایگەیاند: "پێش 24 ساڵ لە دێرسم، هەموو زێدی باووباپیرانمان سووتێندرا و دەستگیرکردن زۆر زۆر بوو".
زەینەل کەتە رایگەیاند: "نەماندەتوانی بچینەوە زێدی خۆمان. گوتمان با ئەو شتانەی بەسەرمان هاتوون بیریان بهێنینەوە و بە هەموو لایەکیشیان بڵێین. ویستمان ئەو ئازار و ستەمەی بینیومانە، ببینرێت."
"زمانی رێگەی حەق کوردییە"
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراسیی عەلەوییەکان جەختی لە گرنگیی زمانی دایک کردەوە و رایگەیاند، دەبێت کولتوور و باوەڕ بە زمانی زگماکیی خۆیان دەرببڕدرێن.
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراسیی عەلەوییەکان گوتی، دێرسمییەکان بە زازاکی و کورمانجی قسە دەکەن و دەبێت ئەمەش لە فێستیڤاڵەکەدا زاڵ بێت.
زەینەل کەتە گوتی: "دێرسمییەکان هەموویان کوردن و ئایینیشیان رێگەی حەقە و زمانی رێگەی حەقیش کوردییە. باپیرانمان دەیانگوت، 'زمانمان زمانی خزرە'. دەبێت ئەم فێستیڤاڵەش بە زمانی خزر بێت. گۆرانی، چیرۆک و مێژوومان دەبێت بە زمانی دایکمان بن."
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراسیی عەلەوییەکان لە کۆتایی قسەکانیدا جارێکی دیکە تیشکی خستەوە سەر گرنگیی زمان و گوتی: "زمان ناسنامەی ئێمەیە، زمان بوونی ئێمەیە. مرۆڤ کە بێ زمان مایەوە، بێ کولتوور، بێ ئایین و بێ باوەڕ دەمێنێتەوە."
فێستیڤاڵی مونزوور تاوەکو رۆژی 27ی مانگ لە دێرسم بە چالاکیی جیاواز بەردەوام دەبێت.