هیومان رایتس وۆچ لەبارەی كوژرانی ویداد حوسێن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە

رووداو - هەولێر

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راگەیێندراوێکی لەبارەی کوشتنی رۆژنامەڤان ویداد حوسێن لە شاری دهۆک بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بەڕێوەچوونی "لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و خاوێن" بکات لەبارەی کوشتنی ویدادەوە.

لە راگەیێندراوەکەیدا رێکخراوەکە باس لەوە دەکات، کە لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا هێزەکانی ئاسایش بەردەوام لێپێچینەوەی لەگەڵ  ویداد کردووە لەبارەی نووسینەکانییەوە کە رەخنەی لە دەسەڵات گرتووە.

لەو بارەیەوە سارا لیا ویتسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی جددی پێشکەش بکات لەبارەی چۆنییەتی رفاندن و کوشتنی ئەم رۆژنامەنووسە لە رۆژی رووناکدا، ئەمەش دوای لێپێچینەوەی بەردەوام لەگەڵی لەلایەن ئاسایشەوە".

هیومان رایتس وۆچ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ویداد قسەی کردووە و لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، بەپێی گوتەی هاوڕێکانی بەر لە دوو ساڵ ویداد بۆ ماوەیەک لە کەمپەکانی پەکەکە ماوەتەوە، بەڵام نەک وەک گەریلا. ئاماژە بەوەش دەکات کە بەر لە چەند مانگێک لە کوژرانی، ئاسایش سێ جار لێپێچینەوەی لەگەڵ ویداد کردووە لەبارەی رۆڵی لە پاڵپشتیکردنی پەکەکە و کارەکانی وەک رۆژنامەنووسێک.

برایەکی ویداد بەناوی تاریق حوسێن، بە هیومان رایتس وۆچ-ی راگەیاندووە، لە مانگی تەمووزدا ئاسایش ویدادیان دەستگیر کردووە و داوایان لێکردووە یان واز لە کاری رۆژنامەوانی بهێنێت یاخود زانیارییان پێببەخشێت ئەگەرنا "دەزانن چۆن بێدەنگی دەکەن". 

براکەی ویداد باسی لەوەشکردووە، لەو لێپێچینەوەیەدا ئەشکەنجەی ویداد دراوە و تاوەكو 0 رۆژ دوای لێپێچینەوەکە نەیتوانیوە بەڕێگادا بڕوات.



ویداد حوسێن سەرلەبەیانی رۆژی 13-8-2016 لە گەڕەکی ماڵتا لە دھۆک لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو رفێندراوە، پاش چەند کاژێرێک تەرمەکەی لەسەر رێگای شارۆچکەی سێمێل دۆزرایەوە.