لە باڵەکایەتی شەڕ لەنێوان حیزبێکی رۆژهەڵات و دانیشتووانی گوندێک روودەدات
رووداو - چۆمان
دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ چەند گەنجێکی ناوچەی باڵەکایەتی، پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستڕێژی گوللەیان لێدەکەن، دوو کەسیان دەکوژن و یەکێکی دیکەشیان بەسەختی بریندار دەکەن.
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە چۆمان رایگەیاند: "لەسەر بڕینی دار گرژی لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و چوار برای خەڵکی گوندەژۆر لە سنووری باڵەکایەتی دروست بووە، لەئاکامدا پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەستڕێژی گولـلەیان لێکردوون".
پەیامنێری رووداو راشیگەیاند، بەهۆی دەستڕێژییەکەوە دوویان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیشیان بەسەختی بریندار بووە. لەبەرامبەردا خەڵکی گوندەژۆر دەڵێن ئەوە قبوڵناکەن و هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاکانی پارتە رۆژهەڵاتییەکان و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.
هاوکات ئەحمەد قادر، قائیمقامی قەزای چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە ناوچەکە و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەدان''. بەڵام لە یەکەم کاردانەوەدا خەڵکی باڵەکایەتی سەرجەم بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتیان لە بناری هەڵگۆرد سووتاندن.
گوتیشی: "هیوادارین گیانی پێشەمەرگەکانمان لەلایەن خەڵکی باڵەکایەتی پارێزراو بێت". داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد دۆخەکە بەخێرایی کۆنترۆڵ بکەن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران حیزبێکی سیاسیی چەپی رۆژھەڵاتی کوردستانە، یەکێکە لەو پارتانەی ماوەیەکە خەباتی چەکداری بردووەتە شاخ و لە بناری هەڵگۆرد بارەگایان هەیە.
باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێرە و سەنتەرەکەی قەزای چۆمانە، نزیکەی 160 کیلۆ مەتریش لە هەولێرەوە دوورە. گوندەژۆر دوایین گوندی باشووری کوردستان و دراوسێی گوندی زێوەی سەر بە خانێیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نزیکەی 30 ماڵ پێکدێت.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح