لە سەنگەسەر کەسێک بە سێ گوللە بریندارکرا


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان دوو کەس روویداوە و یەکێکیان سێ گوللەی بەوەی دیکەیان ناوە و بە سەختی برینداری کردووە، دەشڵێت: "لە گوتەکانیدا تۆمەتبارەکە گوتوویەتی بەهۆی کێشەیەکی نێوانیانەوە تەقەی لەوەی دیکە کردووە."
 
رۆژی هەینی 25-8-2023، موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 12:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە ناحیەی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەر کەسێک تەقەی لە هاونیشتمانییەک بەناوی (س. م. ر) لەدایکبووی ساڵی 1995، لە رەگەزی نێر کە دانیشتووی رانیەیە کردووە و بە سەختی برینداری کردووە."
 
موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و پشکنینی پزیشکی، دەرکەوت شوێنەواری سێ گوللە دەمانچە بەسەر جەستەیەوە هەیە."
 
سەبارەت بە تۆمەتبارەکە، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایکرد، دوای رووداوەکە تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی هێزەکانی بنکەی پۆلیسی ناحیەی سەنگەسەر کردووە.
 
بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانە لە شاری سلێمانی کرا، وەکو پۆلیسی راپەڕین باسی کردووە.
 
موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "تۆمەتبارەکە راگیراوە و لەو گوتانەی لێی وەرگیراوە گوتوویەتی بەهۆی کێشەیەکی لەگەڵ تەقەلێکراوەکە تەقەی لێکردووە، بەبێ ئەوەی هێشتا روون بێتەوە بابەتەکە لەسەر چی بووە، بەڵام دواتر دەبرێتە بەردەم دادوەر بۆ وەرگرتنی قسەکانی."