لە دیلۆک بارهەڵگرێک خۆی بە ئۆتۆمبیلێکدا کێشا و شۆفێرێک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 25-8-2023 لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبیلێک خۆیان بەیەکدیدا کێشا و لە ئاکامدا شۆفێری بارهەڵگرەکە گیانی لەدەستدا.
 
رووداوەکە لە شارۆچکەی شەهید کامیل روویدا و بەهۆیەوە حەسەن چەڤیک، (تەمەن 39 ساڵ) کە شۆفێری بارهەڵگرەکە بوو گیانی لەدەستدا.
 
دوای رووداوەکە بارهەڵگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و بەرەو کەندەڵانێک شۆڕبووەتەوە. بارهەڵگرەکە لەوکاتەدا چیمەنتۆی بارکردووە.
 
جگە لە گیانلەدەستدانی شۆفێری بارهەڵگرەکە، سێ کەسی دیکەش لە رووداوەکەدا بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. بەهۆیەوە 2 هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش بریندار بوون.