پارتی لەبارەی شەڕەکەی لالەزار: داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە پارێزگاری لە سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان بکەن


رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی راگەیێندراوێکی لەسەر شەڕەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت". دەشڵێت، "هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەریی خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت، بەباش نازانین".
 
پارتی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی رۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەریی یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵک تێدەگەین و، لەپێناو هەرێمەکەمان و ئارامیی دەروونیی هاووڵاتیوانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان بکەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە رابگیرێت".
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
  
ئەنجام و لێکەوتەکانی رووداوەکەی بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025، لە شاری سلێمانی، کە بەداخەوە چەندین قوربانی لێکەوتەوە، بوونە هۆی نیگەرانیی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان.
 
هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی رۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەریی یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە.
 
پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەریی خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت، بەباش نازانین.
 
لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵک تێدەگەین و، لەپێناو هەرێمەکەمان و ئارامیی دەروونی هاووڵاتییانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان بکەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە رابگیرێت.   
 
هاوكات، سه‌ره‌خۆشى له‌ خانەوادە و كه‌سوكارى سەرجەم قوربانیيەكان دەكەین و هاوخه‌میانین، هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌یش بۆ برينداران ده‌خوازين.
 
مەکتەبی سیاسيی 
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥
ـی ئابی ٢٠٢٥