یەکەم راگەیێندراوی فەرمیی یەکێتی لەبارەی تەقەکردن لە موراد کانی کوردەیی
رووداو دیجیتاڵ
"ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان" روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و موراد کانی کوردەیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی، موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی رووبەڕووی هێزێکی ئەمنیی "فەرمی" دەبنەوە. بەهۆیەوە کارمەندێک دەکوژن و سێ کەسیش بریندار دەکەن. هاوکات خۆی و دوو پاسەوانی "دەکوژرێن."
لە روونکردنەوەیەکدا کە میدیاکانی یەکێتی بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویان کردووەتەوە هاتووە کە رۆژی پێنجشەممە، 25-11-2021 بڵاوکراوەتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون دەکەن بۆ دەستگیرکردنی ھەموو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەو رووداوەوە و لە دادگە ھەڵھاتوون."
ئەوە لەکاتێکدایە کە کەسوکاری موراد کانی کوردەیی بەتایبەتی کوڕەکەی بەناوی پشکۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی "باوکم لە ژیاندا ماوە."
لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە " ئێوارەی ئەمڕۆ 25-11-2021 ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگە و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی کە لەگەڵیدا بوون رووبەڕووی ھێزەکە دەبنەوە کە لەکاتی ئەرکدا بوون بۆ جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا، کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەکەن و سێ کەسی دیکەش بریندار دەکەن. لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەریی یاساشکێنان و ھەڵھاتووان، موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی دەکوژرێن."
راگەیێندراوەکە لەکاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە کە "موراد کانی کوردەیی" کوژراوە. تاوەکو ئێستاش ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پەڕە فەرمییەکانی ئەو روونکردنەوەیەی دانەناوە کە میدیای یەکێتی بڵاویان کردووەتەوە.