ژیاری 37 ساڵ نڤیشکانە و دەیەوێت ژینگەی کرماشان خاوێن رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
خاوێنڕاگرتنی ژینگەی کرماشان کەڵکەڵەی ژیارە، بەتایبەت شوێنە گەشتیارییەکانی کرماشان، بۆ ئەوەی دیمەنێکی جوان نیشانی گەشتیار و میوانانی ئەو شارە بدرێت.
ژیار تەمەنی 37 ساڵە و 19 ساڵە نڤیشکانە، لە کاتی مەلەدا لە سەراوی بێستوون دەماری ملی بڕا و لەوکاتەوە ژیانی گۆڕاوە. بەڵام ئەو شێلگیرانە پابەند بە پاراستنی ژینگەیە و هەر لە ویلچێرەکەیەوە هاوکاری هاوڕێکانی دەکات.
ژیار سلێمان مەنش، خۆی وەکو چالاکڤانی بواری ژینگە دەناسێنێت و بە هاوڕێیەتی گرووپێک بە ناوی "گرووپی عاشقانی هەسارە" هەموو رۆژانی هەینی و هەر جارێک پارک و شوێنێکی گشتی و سرووشتیی کرماشان خاوێن دەکەنەوە.
کرماشان کە زۆر شوێنی مێژوویی و گەشتیاری هەیە و ساڵانە سەدان هەزار کەس سەردانی دەکەن، گرنگە پاک و خاوێن رابگیرێت، نەک ئەوەی کە گەشتیار لە کاتی گەڕانەوەیدا دیمەنی شارێکی پر لە زبڵ لەگەڵ خۆی بباتەوە.
بەپێی ئاماری فەرمی، رۆژانە لە کرماشان نزیکەی 650 تۆن زبڵ فڕێ دەدرێت، واتە هەر یەک کەس نزیکەی 700 گرام. ئەوە بەردەوام زیاتریش دەبێت، بۆ نموونە ئەمساڵ بەراورد بە پار، رۆژانە 80 تۆن زیاتر زبڵ فڕێدراوە. بەشی زۆری ئەم زبڵە کۆدەکرێتەوە و ریسایکل دەکرێت، بەڵام بەشێکیشی لە نێو شار و شوێنە گشتییەکاندا فڕێدەدرێت، کە ئەگەر کۆ نەکرێتەوە، کێشە دەخووڵقێنێت.
راستگۆ، بەڕێوەبەری گرووپەکە دەڵێت، گرووپی عاشقانی هەسارە، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک هاوکاری بکات، تەنیا بە هەوڵی ئەم کوڕ و کچانە پێکهات، هەر بە هاوکاریی ئەوانیش چالاکییەکانی درێژە پێداوە، تاوەکو ئێستا ئەنجامی باشیشی هەبووە و بەو هیوایە ژینگەی زێڕین لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکبێت.
گرووپی عاشقانی هەسارە شێلگیرانە هەوڵدەدەن ئەوەندەی دەتوانن پارێزگاری لە ژینگەی کرماشان بکەن، بەڵام توانای ئەمانیش سنوورێکی هەیە. پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموو تاکێکە، نەک تەنیا گرووپێک.