یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری: هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی بژێویی مووچەخۆران بخرێنەگەڕ

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوا دەکەن هەموو لایەنە کوردستانییەکان هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی  شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد و لەلایەن عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و شاندێکی باڵای کۆمەڵی دادگەرییەوە پێشوازی لێکرا.
 
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوانیان، هەردوولا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەكە كرا و جەختیش كرایەوە لە پێویستیی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكی كوردستان، هەموو لایەنەکانیش پێکەوە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی بژێوی هاووڵاتییان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی." 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری "بە پەرۆشەوە جەختیان کردەوە لە درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانیی لە هەرێم بە شێوەیەک لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان کۆدەنگی نیشتمانیی دروست بکرێت و یەک گوتاری نیشتمانیی ئاڕاستەی بەغدا بکرێت کە سەرچاوەکەی دیدگای باڵای کوردستانی بێت کە بۆئەوەش یەکخستنی هەوڵەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بە پێویست زانرا."
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە، پرسی هەڵبژاردن دوو تەوەری تری کۆبوونەوەکە بوون "کە بە وردی تاوتوێکران و دووپات لە پاراستنی سەقامگیری ئاسایش و ئارامی هەرێم، لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن کرایەوە بە شێوەیەک هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ تا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەمووان بێت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت."