نێچیرڤان بارزانی و هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەنگاوێکی گرنگ بوو


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکان کرایەوە و هەردوولا سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان بە "هەنگاوێکی گرنگ" ناوبرد.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 25-11-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە وڵات تاوتوێ کران.
 
سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، هەردوولا بەڕێوەچوون و سەرکەوتنی پرۆسەکەیان بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی لە قەڵەمدا و هیوایان خواست ببێتە هۆکاری بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە وڵات و وەڵامدەرەوەی داواکاری و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان بێت.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش، ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە، بۆیە هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان و هاریکاریی نێوانیان کردەوە.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و شاندە ئەمریکییەکە تایبەت بوو بە دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و گرنگیی یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: 
 
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2025/11/25 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.
 
هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى و به‌هاى هاوبه‌ش، ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌به‌ستێته‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ باسيان له‌ بواره‌كانى هاريكاريى نێوانيان كرد.
 
هه‌ردوولا به‌ڕێوه‌چوون و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانيان به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ و ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و هيوايان خواست ببێته‌ هۆكارى به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، هه‌روه‌ها وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكارى و چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاووڵاتيان بێت.
 
په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گرنگیی یه‌کده‌نگیی لایه‌نه کوردستانییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.