قوربانییەکی گێچەڵی دیجیتاڵی: داوای پارەی لێ دەکردم

رووداو دیجیتاڵ

ئەو ژنەی لەم ڤیدیۆیە قسە دەکات، قوربانییەکی گێچەڵی دیجیتاڵییە. لەبەر پاراستنی خۆی ناو و دەنگی گۆڕاوە. رەیحان لە 30ـییەکانی تەمەنیەتی، دوای سەبر و چاوەڕوانی بۆ بەختێکی باش نزیکەی دوو ساڵە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.
 
ئەو ژنە گلەیی لە زۆری کافتریاکان هەیە و دەڵێت، "خۆزگە حکومەت بتوانێ کافتریایەکان سنووردار بکات، بەڕاستی کافتریا زۆر زۆر بووە، پیاوەکان هیچ کامیان نایێنەوە ماڵەوە، ژنەکانیش هەموو تووشی کێشە بووین، چونکە کاتی بەتاڵیان زۆرە، ئافرەتەکان پێویسیان بە پیاوەکانیانە."
 
ئەم بۆشاییە گەورە لە ژیانی رەیحان وایکرد لە رێگای تیکتۆک بکەوێتە داوی پیاوی دیکە.
 
رەیحان لە تیکتۆک پیاوێک دەناسێت و هاوڕێیەتی لەگەڵ دروست دەکات، هاوڕێیەتییەکە درێژە دەکێشێت بۆ ناردنی وێنە و ڤیدیۆ.
 
ناردنی ئەم وێنانە بوونە دەستپێکی هەڕەشە و داواکاری زیاتر وەکو ناردنی پارە و چوونە دەرەوە، بەڵام رەیحان راستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 119 دەکات و لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان کێشەکەیان بۆ چارەسەر کرد.
 
لە چاو ساڵانی رابردوو، تۆمارکردنی سکاڵای توەندوتیژی لە هەولێر کەمیکردووە و بەدیاریکراوی 624 گێچەڵی دیجیتاڵی دابەزیوە بۆ 170 گێچەڵ.
 
بە هۆی زیادبوونی گێچەڵی دیجتاڵی لە جیهان، ئەم ساڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان بەناوی "کۆتایی هێنانی تووندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان و کچان" بەڕێوەدەچێت.