ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە عەفرین تەقییەوە

رووداو- عەفرین

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوەڕاستی شاری عەفرین، لە نزیک کۆنە بارەگایەکی ئاسایشی سەربازی تەقیەوە و بەهۆیەوە 2 کەس برینداربوون.
 
دوای تەقینەوەکە، هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیش گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی عەفرین.

ئاسایشی عەفرین، لەبارەی رووداوەکە و ئەو لایەنەی کە تەقینەوەکەی ئەنجامداوە هیچ لێدوانێکی نەدا، پێشتریش تەقینەوەیەک لەناو بارەگای پەیوەندییە گشتییەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل  YPG روویدا و بەهۆیەوە 2 کارمەندی ئاسایش کوژران.

ئەو تەقینەوانەی عەفرین هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خەڵک دانەناوە و، زۆربەی دووکان و بازاڕەکانی شارەکە کراوەن.