ئەو پیاوەی لە قوتابخانەیەکی سلێمانی لە خۆی و کوڕەکەیان دا: بۆ کوشتنم هاتبوون


روودا دیجیتاڵ

ئەو پیاوەی کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە قوتابخانەیەکی سلێمانی لە خۆی و کوڕەکەی درا رایدەگەیێنێت، لە مافی خۆیان خۆشنابن و سکاڵایان لەسەر هێرشکارەکانی رووداوەکە تۆمارکردووە، دەشڵێت، ئەو کەسانە نیازیان وابووە بیکوژن.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 22-12-2021 چەند کەسێک لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە خوێندکارێک و باوکیان دا، دواتریش ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. پاش ئەوەش ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسانەی دەستگیرکردووە.
 
فوئاد ئەحمەد ناوی ئەو باوکەیە کە هێرشکرایە سەری، ئەمڕۆ شەممە 25-12-2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "رۆژێک پێش رووداوەکە کوڕەکەی من لەگەڵ کوڕی ئەو ژنە تووشی شەڕ هاتبوون، منیش نەمویست کێشەکە گەورەتر بێت بۆیە رۆژی دوواتر چووینە قوتابخانەکە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکە بکەین، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە و یاریدەرێکی دانیشتین، لەگەڵ دایکی کوڕەکە قسەمکرد و پێم گوت، 'نابێت لە منداڵەکەی من بدرێت'، ئەو ژنە گوتی، 'بە رێگەی چەتەیی یان عەشایەری چۆنت دەوێت چارەسەری دەکەین.' لەو کاتە پێیان راگەیاندم کە یەکێک لە قوتابیانی قوتابخانەکە تووشی فێ بووە، بۆیە من چووم ئەوم بردە نەخۆشخانە و لەوێ هەستام، دواتر بەڕێوەبەرەکە تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی وەرەوە با کێشەکەتان بۆ چارەسەر بکەم."
 
فوئاد ئەحمەد باسی لەوەشکرد، کاتێک چووەتەوە قوتابخانە بینیویەتی دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی لەوێ بوونە، "من یەکسەر چوومە ئیدارە و ببینیم چوار کەس دانیشتوون، پێم گوتن فەرموون بەڕێز، یەکێکیان گوتی 'من بەرپرسێکی ئاسایشم'، منیش گوتم 'سەرچاو فەرموون'، چونکە کەمێک لە کوردی تێدەگەیشتم هەستم کرد جنێوم پێدەدات، دوای کەمێک قسە و گفتوگۆ ویستم بچمە دەرەوە بۆ ئەوەی کێشەکە گەورەتر نەبێت، بەڵام کە هەستام یەکسەر لێیاندام."
 
هەر لەباسی رووداوەکەدا باوکی ئەو قوتابییە رایگەیاند، "کاتێک چوومە دەرەوە چەند چەکدارێکی دیکەش لەوێ بوون، لە دەرەوەش بە چەک هێرشیانکردە سەرم و زۆریان لێدام، بە هەشت بۆ 10 کەس لە من  و کوڕەکەمیاندا بەو هۆیەوە دەستم، پشت و  شانەکانم ئازاری زۆریان پێگەیشت، دواتر بەڕێوەبەرەکە تەلەفۆنی بۆ پۆلیس کرد و کاتێک پۆلیس گەیشتن ئیدی ئەو چەند کەسە چەکدارە شوێنەکەیان بەجێهێشت."
 
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی گوتی، رووداوەکە رۆژی چوارشەممە 23-12-2021 روویداوە و ئەوان ئاگادار نەکراونەتەوە، قوتابخانەکەش سەر بە حکومەتی فیدراڵییە و تایبەتە بەو ئاوارانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون.
 
فوئاد ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، "دوای رووداوەکە سکاڵام تۆمارکردووە و لەمافی خۆمان خۆشنابین، ئێمە وەکو برایانی کورد و عەرەب کێشەمان نییە، بەڵام من واز لەو مافەم ناهێنم و دەمەوێت ئەو ئافرەتە بە سزای خۆی بگات، بەڕاستی ئەوان نیازی کوشتنی منیان هەبوو، بەڵام کە پۆلیس هاتن ئیدی منیان رزگارکرد، داوا دەکەم لایەنە پەیوەندیدارەکان قەرەبوومان بکەنەوە و سزای تاوانبارەکانیش بدەن، کوڕەکەم دەروونی وێرانبووە، تاوەکو ئێستاش نەچووەتەوە بۆ قوتابخانە."

 

 
محەممەد فوئاد، کە ئەویش لەگەڵ باوکیدا لەو رووداوەدا بەر هێرشی ئەو کەسانە کەوتووە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا قسەی کرد، گوتی، "ئەو کوڕە شەڕی کرد لە گەڵم، تەلەفۆنم بۆ باوکم کرد هاتە لامان، رۆژی دواتر چووینە قوتابخانە و ئەوانیش هاتبوون، ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکە چووبووین لەوێ تووشی ئەو رووداوە بووین، کە چووین ئەوان لەوێ دانیشتبوون یەکسەر دەستیان کرد بە جنێودان و لە باوکمیاندا، ئێمەش بەرگریمان لە خۆمانکرد و رووبەڕوویان بووینەوە، لە ژوورەوە." 
 
لەبارەی چارەسەری کێشەکە، باوکی قوتابییەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەبەری پەروەردەی عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چوونەتە سەر هێڵ، هاوکات گوتی، "دوای رووداوەکە چوومە لای بافڵ تاڵەبانی و بەڵێنی پێداوم کە چارەسەری گرفتەکەم بکات و پارێزەرێکیشی بۆ گرتووم، پێی گوتم 'تۆ لەژێر پارێزگاری ئێمەدایت و ئەوەش ژمارە تەلەفۆنی من و سکرتێرەکەم، لەهەر شوێنێک تووشی کێشە بوویت ئێمە ئاگادار بکەرەوە، کاک قوباد و ئاسایشی سلێمانیش زۆر نیگەران بوون بەو دۆخە، من نازانم ئەو ئافرەتە عەرەبە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەو چەکدارانەدا هەبووە، داوا دەکەم ئەو لە کوردستان دەربکرێت."