وەزارەتی کارەبا: بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە بڕی 1000 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە، لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا گاز کەمی کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 1000 مێگاوات کارەبا.
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کەمبوونەوەی 1000 مێگاوات کارەبای راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا: "هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ تیمەکانی داناگاز لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە."
دوایین جار لە کێڵگەی کۆرمۆر کە بەرهەمهێنانی گاز کەمیکرد و ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی کارەبا و کەمبوونەوەی هەبوو، رۆژی چوارشەممە 26ـی مانگی 11 بوو. ئەوەش دوای "هێرشێکی درۆنی" بۆسەر کێڵگەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە 80٪ کارەبایان لەدەستداوە.
لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی پێنج کاژێر کەم بووەوە، بەهۆی کارەبای 24 کاژێریی پڕۆژەی رووناکیشەوە، لە زۆرینەی سەنتەری پارێزگاکان موەلیدە ئەهلییەکان لە کارکردن وەستابوون.
کێڵگەی کۆرمۆر ناوەندی سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە و گازی نیوە زیاتری بەرهەمی کارەبا دابین دەکات.