بەرپرسی هێزەکانی حەفتا: هێزەکان لەژێر بەرپرسیاریێتی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانی ئێمەشدا دەبن


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە یەکخستنەوەی هێزەکانی پشمەرگە و خستنەوەیان بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە بە هەنگاوێکی باش دەزانێت و دەشڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسە لەو هێزانە، بەڵام فەرمان لە ئێمەشەوە وەردەگرن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-01-2022، مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، لەبارەی هەنگاوی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گواستنەوەی هێزەکان بۆسەر سەر وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، "گواستنەوەی هێزەکان بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە بە هەنگاوێکی باش دەزانین خەڵکیش هەمووی پێی خۆشە".
 
سەبارەت بە گواستنەوەی هێزەکانی پشتیوانیی دوو کە سەربە هێزەکانی حەفتای یەکێتییە، مستەفا چاوەڕەش گوتی: "هێزەکانمان ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەس دەبێت، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە داوای 5 هەزار 500 ناوی لێکردین، ئێمەش ناوەکانمان بۆ رەوانەکردوون و ئەمڕۆش پێیان راگەیاندین کە نووسراوەکە لە وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بووە".
 
بە گوتەی بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە، ئەوان تەنیا هێزی پشتیوانیی دوویان نەخستووەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەڵێت: "لیوای 17 و لیوای 16 و لیوای دیکەمان خستووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. لە رۆژانی داهاتووشدا لیوایەکی دیکە ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو لیوایەکان بخەینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
 
بە بڕوای مستەفا چاوڕەش، پرۆسەی یەکخستنەوەی تەواوی هێزەکان و گواستنەوەیان بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە و ئاماژە بەوە دەدات "دوای زیاتر لە 4 مانگ تازە رەزامەندی ئەو هێزە لە ئەنجوومەنی وەرزیران دراوە، جیا لەوە پێداویستییەکانی ئەو هێزانە، بارەگایان پێویستە، چەکیان پێویستە، بەڵام وەکو پرەنسیپ ئێمە لاریمان نییە لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە".
 
لەبارەی کاریگەریی ئەو دۆخە سیاسییەی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە لەسەر پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، مستەفا چاوڕەش دەڵێت: "هیوادارم کاریگەریی نەبێت، کە گەیشتە راددەی ئەوەی کاریگەریی خراپی هەبێت، ئەمە بۆ هەموو خەڵک و بۆخۆمان خراپە و نابێت رێگە بدەین درز بکەوێتە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هەوڵبدەین بە یەکڕیزی و برایەتی و تەبایی کارەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین".
 
لەبارەی ئەوەش ئەو هێزانەی کە دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە فەرمان لەچ لایەنێکەوە وەردەگرن، بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە دەڵێت: "ئێمە لە شنگالەوە تاوەکو خانەقین 8 میحوەرمان هەیە، چوار میحوەریان لای ئێمەیە، ئەو هێزانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و لەو میحوەرانەن لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەبن، بەڵام من وەکو بەرپرسی هێزەکانی یەکەی حەفتا و هەر هەمووشی لەژێر فەرمانی مندا دەبن، ئەگەر شتێک رووبدات من لێیانەوە نزیکم و هێزەکانی من فریایان دەکەوێت، بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسە لەو هێزانە، بەڵام فەرمان لە ئێمەشەوە وەردەگرن".
 
لەبارەی زیادبوونی جموجۆڵی داعش و هێرشی سەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەکەو هەڵاتنی ژمارەیەک چەکداری داعش و مەترسییەکەی بۆسەر هەرێمی کوردستان، مستەفا چاوڕەش گوتی: "ئەوەی لە حەسەکە روویدا، رەنگە دەستی دەوڵەتانی تێدابێت بۆ نانەوەی ئاژاوە لەو ناوچەیە کە هێزێکی کوردی لێیە و ناحەزیان زۆرە. ئەگەرچی سوپای عێراق هێزی ناردووە بۆ سنوور بۆ ئەوەی چەکدارەکانیان دەربازی ئەودیوی عێراق نەبن، بەڵام گومانی تێدانییە چەکدارەکانیان دەربازی ئەودیو دەبن، چونکە شاخی حەمرین ناوچەیەکی سەختە. ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەکو کورد هەموو سەنگەرەکانی خۆمان لە شنگالەوە تاوەکو خانەقین بەهێزی بکەین".
 
لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانیی 2 گواسترایەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
 
میران بەکر، سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر هێزەکانی پشتیوانیی 1 گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
 
هێزەکانی پشتیوانیی یەک پێشتر سەربە یەکەی هەشتای پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، هێزەکانی پشتیوانی دوو سەربە یەکەی حەفتای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون.
 
میران بەکر گوتی، "چەکی قورس هەمووی لای ئەو دوو هێزە بووە، تانک، زرێپۆش، تۆپ و هەموو چەکەکانی دیکە، بۆیە گەڕانەوەیان بۆ ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە زۆر پێویست و گرنگە".