رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو دا خانووی دوو هاونیشتمانی لە گوندەکانی دێمکا و شلینێ بۆردوومان کراون.
میدیایەکی نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) ڤیدیۆی بۆردوومانکردنی خانووی گوندی شلینێ لە باتیفا بڵاوکردەوە و دەڵێت: "تۆڵەی شەهید ئوفوک ئاکنجیمان کردەوە."
رۆژی یەکشەممە، 26-1-2025، حاجی ئەسعەد شلینێ، نوێنەری ئەنجوومەنی گوندی شلینێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،" ئەو خانووەی تەقێندراوە هی ماممە، نازانین هۆکاری تەقاندنەوەکە چی بووە".
حاجی ئەسعەد کە خۆی پێشتر بەهۆی بۆردوومانی تورکیا بریندار بووە دەڵێت: "هیچ کەسێک لە گوندی شلینێ نییە، ئێمە گەریلامان نەبینیوە. نازانین هۆکاری تەقاندنی خانووەکە چی بووە".
حاجی ئەسعەد بە رووداوی گوت: "سوێند بە خودا، گەریلامان [لە گوندەکەمان] نەبینیوە و نایانبینین. ئەگەر هەشبن لە حەشارگەکانن، بەڵام ئەگەر گەریلاکان بڕۆنە نێو خانووەکانمان، ئێمە لە زاخۆ و لە باتیفاین ئاگامان لێیان نییە".
بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا، گوندی شلینێ چۆڵکراوە و حاجی ئەسعەد دەڵێت: "بە قەرز خانوو دروستدەکەین، بەڵام دواتر دەتەقێنرێنەوە و دەرگاکانمان دەشکێنن، ئێستا ئێمە گوندەکەمان چۆڵکردووە و ناتوانین تێیدا بمێنینەوە."
حاجی ئەسعەد دەڵێت: "ئێمە زیانمەندی سەرەکین، هەموو شتێکمان دەبێتە قوربانیی بۆردوومانەکانی تورکیا. داوا لە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا دەکەین کۆتایی بەو بارودۆخە بهێنن".
هەر ئەمڕۆ خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی دێمکا سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سووتێنرا، خانووەکە بە دار دروستکرابوو و خانوویەکی گەشتیاری بوو.
نەجیب گولی کە خاوەنی خانووەکەی گوندی دێمکایە، گوتی: "ئەو خانووەم بە مەبەستی گەشتیاری دروستکردبوو، بۆ خۆم و هەر هاونیشتمانییەک ویستبای بەکارمان دەهێنا".
لەبارەی چۆنیەتیی ئاگاداربوون لە رووداوەکە، نەجیب گولی گوتی: "بە تەلەفۆن پێیان گوتم تۆپێک بەر خانووەکەت کەوتووە و سووتاوە".
نەجیب گولی دەشڵێت: "ئەوەی بیستوومە دەڵێن درۆن لێیداوە، ئۆتۆمبێلی تورکیاش لەوێن. ئەگەر هەیە کە خۆیان بە دەست سووتاندبێتیان."
نەجیب گولی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوام درۆن بەسەر گوندەکەیانەوەیە. ئاماژەی بەوە کرد، "لە ساڵی 2018ـەوە ئەو خانووەم دروستکردووە، نە پەکەکەم بینیوە نە سوپای تورکیا".
نەجیب گولی دەڵێت: "خانووەکەم لە شوێنێکی کراوە بوو. کامێرای چاودێری هەیە، دەمانەوێت بزانین هۆکاری سووتاندنەکە چی بووە".
لەبارەی زیانی مادیی خانووەکە نەجیب گولی دەڵێت: "خانووەکەم گەشتیاری بوو 20 هەزار دۆلارم لێداوە و بایی 6 هەزار دۆلار کەلوپەلم تێدا دانابوو".
ماوەی چوار رۆژە سوپای تورکیا بە رێگەی زەوینی و ئاسمانی ئۆپەرسیۆنێکی لە گوندەکانی سۆریا، دێمکا، شیلان و شلین و دێمکا سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستپێکردووە.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، کاروانێکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکە بینراوە و چوونەتە نێو گوندی دێمکا.
سەرچاوەیەک لە گوندی دێمکا بە رووداوی گوت، دەنگی تەقەیەکی زۆر لە دەوروبەری گوند بیستراوە. ئەوان ناتوانن لە ماڵەکەیان دەربچن.