تورکیا گوندەکانی گرگاش، مژێ، سپیندارێ، بەڵاڤە، بەرچی و چیای مەتینی بۆردوومان کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئازاد حەمزۆ، نوێنەری گوندەکانی مژێ، کەونەمژێ، گرگاش و سپیندارێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ماوەی 15 رۆژە بۆردوومانەکان چڕبوونەتەوە و رۆژانە زیان بە خانووەکان دەگات، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت لە کۆی 112 خانووی ئەو چوار گوندە هیچیان دەرناچن".
 
ئازاد حەمزۆ دەڵێت، "رۆژانە گوندەکانمان بۆردوومان دەکرێن و لە مانگی 7ـەوە ئەو بۆردوومانە بەردەوامە و لەو کاتەوە رێگەمان پێنەدراوە سەردانی گوندەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین کە زیانەکان چین".
 
 ئازاد حەمزۆ دەڵێت، "پێشتریش گوندەکانمان بۆردوومان کراون، لیژنەیەکمان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنابوو، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە زیاتر لە 84 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و بەشێکیان بە تەواوەتی رووخاون". 
 
جگە لە خانووی هاونیشتمانیان زیان بەر شوێنە گشتییەکانیش کەوتووە، ئازاد حەمزوو دەڵێت، "مزگەوت و قوتابخانەی گوندی کەونەمژێ، قوتابخانەی گوندەکانی مژێ و سپیندارێ، بنکەی تەندروستیی مژێ بەهۆی بۆردوومان رووخاون".
 
لەبارەی هۆکاری چۆڵکردنی گوندەکان ئازاد حەمزۆ دەڵێت، "بەپێی رێنماییەکانی حکومەت گوندەکانیان چۆڵکرد، سەرەتا گوتیان کاتییە، بەڵام هەر ناتوانین بگەڕێنەوە".
 
لەبارەی زیانەکانی هاونیشتمانیان ئازاد حەمزۆ دەڵێت، "ئەوان زیاتر لە 1200 سەرۆک خێزانن، 112 خانوویان درووستکردبوو، زۆربەیان قەرزی کشتوکاڵی و درووستکردنی خانوویان وەرگرتووە، ئێستا ناتوانن قەرزەکان بدەن".
 
هەروەها دەڵێت، "لە گوندی گرگاش پرۆژەی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات هەبوو، لە سپیندارێ مانگایەکی زۆر هەبوو، لە مژێ و کەونەمژێ مەڕوماڵاتی زۆر هەبوو، بەڵام ناچار بوون گوندەکان چۆڵ بکەن".
 
ئازاد حەمزۆ ئاماژەی بەوە کردووە، "قەدەخە لە سەر زیاتر لە 20 گوندی بەری گارە دانراوە، خەڵک ناتوانن بچنە ناو گوندەکان، هەنگەکانیان لەوێ بەجێماون، سەرجەم کەلوپەلەکانیان لە نێو ماڵەکان بەجێ ماون ناتوانن دەریانکەن".