شەڕڤانان لە حەسەکە: دۆستی کورد تەنیا کوردە و بۆ شەهیدبوون ئامادەین
رووداو - حەسەکە
لە حەسەکە و بەرەکانی شەڕی رۆژئاوای کوردستان، شەڕڤانان سەنگەریان لە سوپای عەرەبیی سووریا گرتووە. ئەوان دەڵێن گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بۆ هێرشەکان ورەی نەڕووخاندوون و تاوەکو کورد لە پشتی یەکدی بن، نابەزن.
تاوەکو چاو بڕ دەکات، سنوورێکی پان و بەرینی شەڕ بەڕووی شەڕڤاناندا کراوەتەوە، بەڵام ئەوان تووند دەستیان بە چەکەکانیانەوە گرتووە.
سوارە جەمیل، شەڕڤانێکی گەنجە و چەکی بەدەستەوەیە لە بەرەی پێشەوەی شەڕ. ئەو بەڵێنی بە هاوژین و دوو منداڵەکەی لە نێو حەسەکە داوە کە دەیانپارێزێت.
سوارە بە رووداوی گوت: "ئێمە کوردین و پێویستە چەکی خۆمان هەڵگرین و وەڵامی هێرشی دووژمن بدەینەوە؛ تا دڵۆپێک خوێن لە جەستەماندا بێت بەرگری دەکەین. بۆ شەهیدبوون ئامادەین، نەک تەنیا بۆ رۆژئاوا، بەڵکو بۆ هەموو میلـلەتی کورد."
زیندان عەبید، شەڕڤانێکی دیکەیە کە ئەزموونی شەڕی داعشی هەیە. ئەو دەڵێت کشانەوە یان بێدەنگیی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر ورەی ئەوان نییە.
زیندان دەڵێت: "لە دەستپێکی شۆڕشی رۆژئاوا تاوەکو 2014 و 2015 ئەوان نەبوون و هەر خۆمان بووین بە چەکی خۆمان شەڕمان کرد. ئێستاش دەتوانم بڵێم دۆستی کورد تەنیا کوردە؛ ئەگەر گەلی کورد لە هەر چوارپارچە دەست بخەنە نێو دەستی یەکدی، باوەڕ ناکەم هیچ هێزێک لێمان بباتەوە."
درێژکردنەوەی ئاگربەست لەبری وەستانی یەکجارەکیی شەڕ، وایکردووە شەڕڤانان دڵنیابن کە بەمزووانە دۆخەکە ئاسایی نابێتەوە، بۆیە جگە لە سەدان کیلۆمەتر هێڵی رووبەڕووبوونەوە، ئێستا لەنێو شارەکانیش جێگیر کراون.