چیرۆکی پیاوێکی بەتەمەنی باکووری کوردستان؛ هاوژینەکەی لە بوومەلەرزە ئاگاداری کردەوە و خۆی بە جەڵتە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
هەرکەسێک لەو بوومەلەرزەی باکووری کوردستانی هەژاند، رزگاری بووە، چیرۆکێکی خەمناکی هەیە؛ یەکێک لەوانە ئەحمەد کەسەرە، کە هاوژینەکەی دوای ئەوەی لە بوومەلەرزە ئاگاداری کردەوە و رزگاریان بوو، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا. ئەحمەد برا و براژن و خانووەکەشی لەو بوومەلەرزەیە لەدەستدا.
یەکێک لەو گوندانەی باکووری کوردستان کە لە ئەنجامی بوومەلەرزە بەهێزەکانی شەشی شوبات، کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا، زیانی زۆری بەرکەوت، گوندی کویومجوڵاری سەر بە مەڕەشە، لەو گوندە لە 55 بینا، 52ـیان رووخاون و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەحمەد کەسەری تەمەن 65 ساڵ، لە بوومەلەرزەکەدا سێ کەسی لەدەستدا، بەچاوێکی پڕ لە ترسەوە باسی شەوی بوومەلەرزەکە بۆ رووداو دەکات. برا و براژنەکەی راستەوخۆ گیانیان لەدەستدا، رۆژانی دواتریش هاوژینەکەی بەهۆی ئەو هەموو ئێش و ئازارەی بینیبووی، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
ئەحمەد کەسەر، زیانلێکەتووی بوومەلەرزە دەڵێ "زەوی لەژێر ئێمەدا دەلەرزی. هاوسەرەکەم گوتی هەستە بوومەلەرزە روودەدات. دەستی یەکترمان گرت و دەرگامان کردەوە و خۆمان گەیاندە باڵکۆنەکە، خەریک بوو دەکەوتینە خوارەوە، تا خۆمان دەگەیاندە بەر دەرگا. بوومەلەرزەی دووەم وەک تەقینەوە وابوو و خانووەکە رووخا، هاوسەرەکەم بە ساخی هێنایە دەرەوە، دوو رۆژ دەیگوت ئاخ خانووەکەمان رۆشت و هەموو شتێکمان لەدەستدا، پاشان ئەویش دڵی وەستا و مرد".
محەمەد کوڕی ئەحمەدە، لەگەڵ باوکی دەستەوەستان لەسەر ئەو کاولەی رۆژانێک ماڵێکی گەرم بوو، وەستاون. ئەو، لەکاتی بوومەلەرزەکەدا لە گوند نەبووە.
محەممەد کەسەر لە ماوەی سێ رۆژدا، دایک و مام و مامۆژن ماڵەکەی لەدەستدا، بەمشێوەیە رووداوەکە دەگێڕێتەوە "دوو کاژێر دوای بوومەلەرزە، بیستم دایک و باوکم بە ساخی هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام دوو مام و مامۆژنم لەژێر باڵەخانە رووخاوەکان بوون. ئازارێکی گەورە بوو بۆ ئێمە، گوندەکەمان وێران بوو. رۆژی دووەم بەڕێکەوتم بۆ گوندەکەم، لە رێگەدا هەواڵم پێگەیشت کە دایکم جەڵتە لێیداوە و مردووە".
محەممەد و ئەحمەدی باوکی ئێستا بێ ماڵ ماونەتەوە و چاوەڕێی کۆمەکی خێرخوازانن تاوەکو بەهۆیەوە خانووەکەیان بنیاتبنێنەوە.