سوپاسنامەیەک لە سەرۆک بارزانییەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە لە پرسەی زەکیای خوشکیان بەشدار بوون و دەڵێت، "لە خەمی ئێمەیان كەم كردەوە."
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، دەڵێت، "هاوبەشیی خەڵكی ئازیزی كوردستان و دۆستانمان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا هەردەم جێگەی رێز و تەقدیرمانە." 
 
دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، رۆژی هەینی، زەکیا مەلا مستەفا بارزانی، خوشکی سەرۆک بارزانی، کە دەکاتە پووری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد.
 
سەرۆک بارزانی سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تیمە تەندروستییەكان دەكات "كە ئەركی رێكخستنی رێگەوبان و ئاسایش و ئاسانكاریان بۆ میوانان لەسەر شان بوو." 
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
بە ناوی خۆم و هەموو ئەندامانی خانەوادەی بارزانی، سوپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی بەرپرسانی فەرمی و حكوومی و حزبیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان و پیاوانی ئایینی و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و سەرۆك و نوێنەری هۆزەكانی باشوور و ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاكادیمی و وەرزشی و فەرماندە و هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکان و هێزەکانی ناوخۆ و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و ڕاگەیاندنكاران و هەموو چینوتوێژەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سەرجەم کوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی وڵات دەكەم كە تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لە پرسەی خوشكی خوالێخۆشبوومان (زەكیا مستەفا بارزانی) و هاوسۆزی و هاوخەمیان دەربڕی و لە خەمی ئێمەیان كەم كردەوە.
 
هەروەها سوپاسی هەموو ئەو سەرۆك و بەرپرس و كەسایەتیی وڵاتان و دۆستانی بیانی و هەموو ئەو بەڕێزانەی دەرەوە و ناوخۆی كوردستان و عێراق دەكەم كە لە ڕێگەی تەلەفۆن و بروسكە و پەیامی سەرەخۆشی لە خەمی ئێمەدا شەریك بوونە.
 
هاوبەشیی خەڵكی ئازیزی كوردستان و دۆستانمان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا هەردەم جێگەی ڕێز و تەقدیرمانە. پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو خەڵكەی لە دوور و نزیكەوە هاتبوون و ئەركیان كێشا و لە خەمی ئێمە بەشدار بوون. لێرەدا سوپاسی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارۆچكەی سەلاحەددین دەكەم كە لەو چەند ڕۆژەدا تەحەمولی زەحمەتی و قەرەباڵخیی پرسەكەیان كردووە، و میوانداریی خەڵكیان كردووە. هەروەها سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تیمە تەندروستییەكان دەكەم كە ئەركی ڕێكخستنی ڕێگەوبان و ئاسایش و ئاسانكاریان بۆ میوانان لەسەر شان بوو.
 
لە خودای مەزن داواكارم خێری هەمووان بنووسێت و لە بەڵا و ناخۆشی دوور بن، ڕەحمەتی خودا لە كۆچكردووی هەموو لایەك بێت.
 
مسعود بارزانی
 
26ی شوباتی 2024