ئەندامانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشكردنە سەر عەلی حەمە ساڵح دیاریكران
رووداو- هەولێر
ناوی ئەندامانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە شەڕەكە بۆكسەكەی نێو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان دیاریكران.
دوای ئەوەی رۆژی 25ی ئازاری 2015، هەر یەك لە مەردان خدر و نازم هەركی، پەرلەمانتارانی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان هێرشیانكردە سەر عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، بە بڕیاری یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە پێكهێنراو سكرتێری پەرلەمانیش سەرۆكی لیژنەكەیە.
فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان كە لە سەر پشكی كۆمەڵی ئیسلامی پۆستەكەی وەرگرتووە، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی:" ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئازاری 2015، فەرمانی لیژنەی لێكۆلێنەوە لە روداوەكە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دەرچوو، بەندەش سەرۆكی ئەو لیژنەم لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری دیكە لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و پارتی و یەكێتی".
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ناوی ئەندامانی لیژنەكە گوتی:" لیژنەكە لە ڤالا فەرید، سەرۆكی لیژنەی یاسایی، بەهار مەحموود، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی و گۆران ئازاد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی دروستكراوە"
سەبارەت بە ماوەی كاری لیژنەكە، فەخرەدین قادر گوتی:" هەوڵدەدەین زۆرمان پێنەچێت، چونكە رووداوەكە لێدانەو شتەكە روون و ئاشكرایە، وێنەی ڤیدیۆیی و لێدوانی پەرلەمانتارەكان هەیە".