تەریقەتی قادری: تۆمارە دەنگییەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی ناشەرعییە و دەستکاری کراوە
رووداو دیجیتاڵ
تەریقەتی قادری روونکردنەوەیەکی لەبارەی تۆمارە دەنگییەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "تۆمارە دەنگییەکە بە ناشەرعی و نایاسایی دەستکاریکراوە و بڵاوبووەتەوە."
لە چەند رۆژی رابردوودا تۆمارێکی دەنگی شێخ نەهرۆ شێخ محەممەد کەسنەزانی، رێبەری تەریقەتی قادری بڵاوکرایەوە کە باس لەوە دەکات کە دەبێت شوێنکەوتووەکانی تەنیا باسی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب و کەسانی دیکەی وەک عەبدولقادری گەیلانی بکەن، نەوەک کەسانی وەک مەعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان و کەسانی دیکە. ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.
رۆژی شەممە 26-3-2022 تەریقەتی قادری روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییە بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کە بە ناشەرعی و نایاسایی دەستکاریکراو بڵاوبووەتەوە تۆمەتی خۆشنەویستنی هاوەڵان دەدرێتە پاڵ شێخی دڵسۆزی تەریقەتمان بە مەبەست لەلایەن چەند کەسێکەوە بەبێ مەبەستیش لەلایەن خەڵکانی دیکەوە. "
لە روونکردنەوەکەدا دوو خاڵ خراوەتەڕوو تەریقەتی قادری ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوە وەڵامێکە بۆ "موسڵمانان و مامۆستایانی ئایینی و زانایانی ئیسلام و لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان و بانگخوازانی ئیسلام و هەموو مورید و پەیڕەوانی شێخانی بەڕێزی سەرجەم تەریقەتەکان و هاووڵاتیانی موسڵمانی خۆشەویستی کوردستان."
یەکەم: شێخ و سەرۆکی تەریقەتی عەلییەی قادری کەسنەزانی جەنابی د. شێخ نەهرۆ شێخ محەممەد کەسنەزانی و هەموو شوێنکەوتووانی ئەم تەریقەتە باوەڕیان وەهایە کە خۆشەویستی هاوەڵانی بەڕێزی پێغەمبەر (د.خ) ئەرکێکی شەرعی و ئیمانی و تەسەووفییە و بە تاجی سەروو نووری چاوی خۆمانیان دەزانین وەک ئەرکێکی ئایینی و ئیمانی و بە فەرمانی شێخ و رابەری تەریقەتمان رۆژانە و شەوانە هەزاران سڵاوات و رەحمەت دەنێرین بۆ حەزرەتی پێغەمبەر و ئال و بەیت و هاوەڵانی خۆشەویستی و شوێنکەوتووان رەزای خوایان لێبێت.
دووەم: هەموو هاوەڵان و خۆشەویست و نووری چاومانن بەڵام تەریقەتمان لە گەورەمان حەزرەتی عەلی (رەزای خوای لێبێت) وەرگرتووە.