چوونی خەڵک بۆ چەند ناوچەیەکی شرنەخ قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆ چەند ناوچەیەک قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025 لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، ناوچەکانی چیای جودی، بەستا، چیای گابار و هەندێک ناوچەی دیکە وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کراوە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئادار 2025 دەستیپێکردووە و تاوەکو 9ی نیسانی 2025 بەردەوام دەبێت.
پارێزگەی شرنەخ رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێنرێت.