لەیلا زانا لەبارەی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە: خەمێکی گەورەیە بۆ تەواوی گەلەکەمان
رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤان و پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە تورکیا، پەیامێکی هاوخەمی بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد. لەیلا زانا دەڵێت، شەهیدبوونی پێشمەرگەکان خەمێکی گەورەیە بۆ تەواوی گەلی کورد.
لەیلا زانا، سیاسەتڤان و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد، پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەبارەی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکە لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەی لەیلا زانا هاتووە: "بە خەم و کۆڤانێکی مەزن هەواڵی گیانبەختکردنی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکەمان بیست. ئەمە خەمێکی گەورەیە، نەک تەنیا بۆ ماڵباتەکانیان، بەڵکو بۆ تەواوی گەلی ئێمە."
لەیلا زانا سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی کەسوکاری پێشمەرگەکان، مەسرور بارزانی و سەرجەم پێشمەرگەکان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواستووە. هەروەها نووسیویەتی: "یاد و یادەوەرییان لە دڵی گەلی ئێمەدا دەژی و رێگەیان بەردەوام دەبێت."
لە وەڵامی پەیامەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوخەمییەکە، جەختی کردەوە کە "شەهیدەکانمان هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندا زیندوون و رێ و رێبازەکەشیان بەردەوامە و سەرکەوتنیش بۆ گەلی کوردستان دەبێت."