تورکیا: لەسەر سنووری ئێران هەموو رێکارێکمان گرتووەتەبەر
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەموو پلان و رێکارێکی پێویستیان لەسەر سنوورەکانیان گرتووەتەبەر و دەڵێت، "دۆخی سنوور ئارامە و هیچ کێشەیەک نییە."
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان، سەردانی دەروازەی سنووریی گوربولاکی لە شارۆچکەی بازید لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە خاڵی سفری سنوورەوە، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان، باسی لە کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان (ئەمریکا-ئیسرائیل) و ئێران کرد لەسەر وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوە کرد کە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، رێوشوێنەکان تووندتر کراونەتەوە.
مستەفا چیفتچی گوتی: "دەتوانم بە ئاسوودەییەوە ئەمە بڵێم؛ لێرەدا هەموو پلانێک داڕێژراوە و رێکارەکان گیراونەتەبەر. هیچ کێشەیەک نییە. ئێمە لەسەر سنوورەکانمان ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم شەڕە هەڵدەسەنگێنین و رێکارەکانمان لە شوێنی خۆیدا پشکنی."
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکا/ ئیسرائیل دەستیپێکردووە. وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە "هێشتا دیار نییە ئەم شەڕە کەی کۆتایی دێت، بۆیە پلانەکانمان لەسەر سنوور پێداچوونەوەیان پێدا کراوە."
چیفتچی گوتی: "هیوادارین ئەم شەڕە لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی پێبێت و ناوچەکە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ کەشی ئاشتی و ئارامی."
دوای هەڵگیرسانی جەنگەکە، نیگەرانییەکان لە تورکیا و هەرێمی کوردستانیش لەبارەی ئەگەری دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە زیاد بوون. بەرپرسانی تورکیاش چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە بە درێژایی سنوورەکانیان لەگەڵ ئێران، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ بەرگرتن لە هەر دۆخێکی نەخوازراو.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی بازید (دۆگوبەیازید) لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە و زانیاریی وردی لەبارەی ئاسایشی سنوورەکان وەرگرتووە، جارێکی دیکەش دڵنیایی دایەوە کە "هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە."